زانكۆكانی هەرێمی كوردستان، ئامادەكاریی دەكەن بۆ وەرگرتنی خوێندكارانی دەرچوی پۆلی 12 و لە هەندێك بەشی زانكۆكان كەمتر لە ١٠ خوێندكار ڕویان تێكردوە.
سەركۆ محەمەد، بەڕێوەبەری تۆماری گشتی لە زانكۆی سلێمانی، لە لێدوانێكیدا بە KNNی راگەیاند: دەستیان كردوە بە ئامادەكاریی و وەرگرتنی خوێندكارانی پۆلی ١٢ لە زانكۆكەیان و وتیشی: هەندێك بەش هەیە كە كەمتر لە ١٠ خوێندكار هەڵیان بژاردوە بۆ خوێندن تێدا، بە هۆی ئەوەی خواست لەسەریان كەمە یاخود لە دەرەوەی شارن.
ئاماژەی بەوەش كرد: لە زانكۆی سلێمانی، نزیكەی شەش هەزار كورسیی هەبوە و بەشێكیشیان پڕ نەكراوەتەوە و هۆكارەكەشی بۆ خواست خوێندكاران یاخود بە هەڵە پڕكردنەوە فۆڕمی زانكۆلاین گەڕاندەوە.
لە لای خۆشییەوە، سافییە سابیر، بەڕێوەبەری تۆماری گشتی زانكۆی كۆیە، جەختی كردەوە، سەرجەم ئامادەكارییەكان بۆ وەرگرتنی خوێندكاران تەواو بوە، وتیشی: ئەم ساڵ ژمارەی خوێندكاران زیادی كردوە گەیشتوەتە دو هەزار ٣٩٨ خوێندكار كە وەرگیراون، ئاماژەی بەوەش كرد: بۆ یەكەم جارە خوێندكارانی دەرەوەی سنوری كۆیە وەربگیرێت.