ئەمڕۆ چوارشەممە ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی، لە دوو پەیامی جیاوازدا پیرۆزبای سەرکەوتنیان لە دۆناڵد ترمپ كاندیدی كۆمارییەكان بۆ سەرۆكایەتی ئەمریكا کرد.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) ڕایگەیاند" گەرمترین پیرۆزبای خۆم ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراو و جەی دی ڤانسی جێگری دەکەم بەبۆنەی سەرکەوتنیانەوە لە هەڵبژاردن".
نێچیرڤان بارزانی دەشڵێت" چاوم لە کارکردنی پێکەوەییە بۆ بەهێزکردنی هاوبەشی و قوڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان، عێراق و ئەمریکا".
هەروەها لای خۆشیەوە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاندووە" بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی قوڵکردنەوەی هاوبەشی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا، و پێکەوە کارکردن بۆ پێشخستنی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە دەکەم".
ئەمەش لە کاتێکدایە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ سەرکەوتنی خۆی بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی ڕاگەیاند و جەختی لەوە کردەوە کە"گەل ئەم خولە نوێیەی پێ بەخشیووە".
ترەمپ وتیشی" سەرکەوتنێکی مێژووییم بەدەستهێنا، و زۆرینەمان لە ئەنجومەنی پیران وەرگرتەوە".