وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، تیمی هەرێم لە بەغدایە و دوای چارەسەركردنی وردە تێبینییەكان، تەمیلی مووچە دەكرێت و دەشڵێت" مووچەی مانگەكانی داهاتووش نافەوتێت".
پێشەوا هەورامی، وتەبێژی حكومەتی هەرێم لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" ئەگەر بڕیاری دادگا و دەستوور لە سەرەتاوە جێبەجێ بكرایە، ئێستا پرسیاری هەواڵی دڵخۆشكەری مووچە نەدەكرا، چونكە هاتنی مووچە مافە و مژدانە نییە و دەبێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان وەكو ناوچەكانی دیكەی عێراق بدرێت".
وتیشی" تیمی حكومەتی هەرێم لە بەغدان و هەندێك وردەكاری سادە هەن، كە گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت لەگەڵ وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدڕاڵی و چاوەڕێ دەكەین ئەو تێبینیانە بەزوویی چارەسەر ببن و تەمویلی مووچە بكرێت".
وتەبێژی حکومەت جەختیشی كردەوە، چاوەڕوانین لەم چەند ڕۆژە تەمویلی مووچەی مانگی ١٠ بنێردرێ و مووچەی مانگەکانی ١١ و ١٢ش نافەوتێ.
ڕاشیگەیاند" پێویستە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ مووچەخۆران لە هەژماری من تۆمار بکرێن".