سەرۆکی یەکێتیی شارەوانییەکانی تورکیا، داوای کۆبونەوەی بەپەلەی پارتەکانی پەرلەمانی تورکیا دەکات و ئامادەکارییش دەکرێت بۆ پڕۆژەیاسایەک لەبارەی نەسەپاندنی قەییوم بەسەر شارەوانیەکاندا لە وەزارەتی ناوخۆوە.
ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ و سەرۆکی یەکێتیی شارەوانییەکانی تورکیا، پاش کۆبونەوەی لەگەڵ محەممەد فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ خۆشگوزەرانی، داوای دیدار و کۆبوونەوەی بەپەلەی لە سەرۆکی سەرجەم پارتە سیاسییەکانی ناو پەرلەمانی تورکیا کرد، لەبارەی دانانی قەیوم بۆ شارەوانییەکان و ڕاشیگەیاند" ڕەشنوسی پڕۆژەیاسایاک ئامادە دەکەن بۆ ڕێگریکردنی سەپاندنی قەیوم بەسەر شارەوانییەکاندا لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە".
ئاماژەی بەوەش دا، لە پڕۆژەیاساکەدا جەخت لەوە دەکەنەوە، دوای بڕیاری یەکلاکەرەوەی دادگا و سەلماندنی تاوانباربونی سەرۆک شارەوانییەک، دەکرێت تاوانکار دوربخرێتەوە و بە زۆرینەی دەنگ و یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنەکە هەڵبژێردرێت و بکرێتە سەرۆک نەک سەپاندنی قەییوم، چونکە سەرۆک شارەوانیی هەڵدەبژێردرێت و ناسەپەێندرێت.
دوای ئەوەی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، داواکارییەکی ئاڕاستەی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کردوە، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپەش پاڵپشتیی خۆی بۆ پێشنیارەکە دەربڕیوە.