وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم بڕیاریدا بە هەڵگرتنی باج و ڕێگەدان بە هاوردەكردنی بەرهەمی تەماتە لە دەرەوەی هەرێم.
بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاندووە" دوای بە دواداچوونمان بۆ بەرهەمی تەماتە، دەركەوت کە ئەو بەرهەمە لە بازاڕەكانی هەرێم كەمبووەتەوە و بەشی پێویستی هاوڵاتییان ناكات، لە هەمانكاتدا نرخیشی بەرزبووەتەوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و پاڵپشت بە یاسای پاراستن و پێشخستنی بەروبوومی كشتوكاڵی و پاڵپشت بە بڕیاری سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، تایبەت بە پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی بڕیاردرا بە هەڵگرتنی باج و قەدەغە لەسەر هاوردەكردنی بەرهەمی تەماتە لە دەرەوەی وڵات.
باسی لەوەشکردووە، بۆ ئەو مەبەستە سەرجەم لایەنە فەرمییەکان ئاگاداركراونەتەوە بۆ گرتنەبەری ڕێكاری پێویستی كارگێری و یاسایی.