پاش وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمی حزبەکەی عەبدوڵڵای حاجی مەحمود کۆنگرە دەبەستێت

پاش وه‌رگرتنى مۆڵه‌تى فه‌رمی، عه‌بدوڵڵا حاجی مەحمود کە سەرۆکایەتی بزوتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان دەکات لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆنفرانس‌ و کۆنگرە دەبەستێت.

بزوتنەوەی سۆسیالیست، ئەمڕۆ پێنج شەممە لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا بڵاویکردەوە" دوای وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، ئێستا گەڕاوەتەوە سەر ڕێچکە مێژویەکەی خۆی و ئێستا لە دەستێکی ئەمیندایە و لە ماوەکانی داهاتوودا کۆنفراسی ناوخۆی و کۆنگرەی خۆی دەبەستێت". 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئه‌وه‌ش ڕونكراوه‌ته‌وه‌" هیچ دەستە و گروپ‌ و لایەنێک بۆی نییە لەمە بە دواوە ناوی سۆسیالیست بەکاربهێنێت، چونکە ڕێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر، ئەو ناوە بەڕەسمی دراوە بە بزوتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە".

دەشڵێت" داواکارین لە پێشمەرگە و تێکۆشەرە دێرینەکان‌ و کەسوکاری شەهیدان‌ کە بەهەر هۆکارێک لە ڕابردوودا دابڕاون لە سۆسیالست ئێستا بزوتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان بە هەمان گڕوتینی ساڵی ١٩٧٦ بە بەرنامە و کارنامەی دروستەوە دەست بە خەبات‌ و تێکۆشانی خۆی دەکات لەپێناو ئامانج‌ و مافە ڕەواکانی میللەتەکەمان، دەرگا واڵایە بۆ گشت خەمخۆران‌ و دڵسۆزانی بزوتنەوەی سۆسیالیست".

لە ناوەڕاستی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا کێشە و ناکۆکی کەوتە نێوان محەمەدی حاجی مەحمود سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکرات‌ و عەبدوڵڵای حاجی مەحمودی برای و سه‌ره‌نجام محه‌مه‌د حاجى مه‌حمود براكه‌ى له‌ حزبه‌كه‌ ده‌ركرد.



PM:03:30:07/11/2024