سەبارەت بە ژەهراویبونی ١٢٠٠ کەس، نەخۆشخانەی گشتی شەهید ڕووف بەگ هۆشداری بە خەڵکی دەڤەری شارەزور دەدات و دەڵێت" تەنها ئاوی بوتڵکراو بەکاربهێنن بۆ خواردنەوە".
نەخۆشخانەی گشتی شەهید ڕووف بەگ، ژمارەیەک ڕێنمایی بە مەبەستی خۆپارێزی بۆ هاوڵاتییانی قەزای شارەزوور بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند" لە ئێستادا ئاوی تەنکی ماڵەکانتان بەکار نەهێنن بۆ خواردنەوە و قاپشووشتن، هەروەها تەنها ئاوی بوتڵکراو واتە ئاوی کارگەکانی ئاو بەکاربهێنن بۆ خواردنەوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، تەنکی ئاوەکانتان بەتاڵ بکەنەوە و بیشۆن، پاشان چاوەڕێ بکەن تا ئاوی تازە دێتەوە، پاشان بەکاری بهێنن.
شەوی ٦ی ئەم مانگە ژمارەیەک هاوڵاتی شارەزور بەهۆی تووشبونیان بە نەخۆشی سکچون و ڕشانەوە ڕوویان لە نەخۆشخانەی شارەکەیان کرد کە تائێستا ١٢٠٠ کەسی سنوورەکە ژەهراویبوون و زۆرینەی تووشبوەکانیش منداڵن.