کەرکوک.. دایکێک لەلایەن کوڕەکەیەوە لە نێو ژوورێکدا زیندانی دەکرێت

لە گەڕەکێکی سنووری پارێزگای کەرکوک ژنێک لەلایەن کوڕەکەیەوە بۆ ماوەی نۆ ڕۆژ لە نێو ژوورێکدا زیندانی دەکرێت و دەرگای لەسەر دادەخرێت، لێکۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەکانیش لەسەر دۆسییەکە بەردەوامە. 

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پۆلیسی پارێزگای کەرکوک ڕایگەیاندووە" لە یەکێک لە شوقەکانی موسەڵای شاری کەرکوک ژنێک کە نەخۆشی درێژخایەنی لەگەڵە و چاوەکانیشی بە باشی نابینن، لەلایەن کوڕەکەیەوە بۆ ماوەی نۆ ڕۆژ لە نێو ژوورەکەیدا دەرگای لەسەر دادەخرێت و زیندانی دەکرێت، هەروەها قوفڵی دەرگاکەشی لەسەر داخستووە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، درەنگانی شەوی ڕابردوو پاش ئاگادارکردنەوە و گەیشتنی هێزە ئەمنییەکانی سنووری پارێزگای کەرکوک بۆ شوێنی ڕووداوەکە دایکەکە هاواری دەکرد تا قوفڵی دەرگاکە بشکێنن کە ڕۆژانە کوڕەکەی بە بەردەوام دەرگای لەسەر داخستووە. 

سەرچاوەکەی پۆلیسی کەرکوک ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا دۆسییەی ڕووداوەکە لای پۆلیسە و هێشتا لێکۆڵینەوەکان تێیدا بەردەوامە کە دایک و کوڕەکە تۆمەت ئاراستەی یەکتری دەکەن، بەپێی ئەو لێکۆڵینەوە سەرەتاییانەی کە هەیە و ئەو تیمەی کە توانیویانە ئەو بابەتە ئاشکرا بکەن دەرکەوتووە ئەو کوڕە ئاڵودەی ماددەی هۆشبەر بووە و لەگەڵ کەسێکی دیکە تێوەگلاوە. 

دەشڵێت" لە ئێستادا هەردووکیان دەستگیرکراون و نێردراون بۆ بنکەی پۆلیسی ئازادی و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە تا هێزە ئەمنییەکانی سنوورەکە بزانن هۆکاری سەرەکی ئەم جۆرە مامەڵەی ئەم کوڕە لەگەڵ دایکەکەی کردویەتی چی بووە؟". 

"کوڕەکە ویستوویەتی دایکی بێئاگا بکات لەو کار و کردەوانەی ئەنجامی داون".(سەرچاوەکەی پۆلیسی کەرکوک وادەڵێت)




AM:09:38:08/11/2024