ژمارەی تووشبووانی سکچوون و رشانەوە لە شارەزوور گەیشتە سەروو دوو هەزار کەس

ژماره‌ی تووشبووانی نەخۆشی سكچوون و رشانه‌وه‌ له‌ قەزای شاره‌زوور گەیشتە سەروو دوو هەزار نەخۆش كه‌ زۆربه‌یان پێکهاتوون لە ژن و منداڵ. 

ماوەی سێ ڕۆژە نەخۆشی سکچوون و ڕشانەوە لە سنووری قەزای شارەزوور بڵاوبووەتەوە کە زۆرینەی تووشبووەکان ژن و منداڵان. 

بەپێی ئامارەکان، تا ئێستا ٢ هەزار و ٥٠٠ کەس تووشی پەتاکە بوون و رەوانەی نەخۆشخانە کراون کە بەراورد بە ٤٨ کاتژمێری ڕابردوو ئامارەکە بۆ هەزار و ٣٠٠ کەسی دیکە بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا لە دوو رۆژی رابردوودا هەزار و ٢٠٠ کەس تووشی نەخۆشییەکە ببوون. 

دوێنێش رزگار غەفور قائیمقامی شارەزوور، سەبارەت بە هۆکاری سەرەکی بڵاوبوونەوەی پەتاکە ئاماژەی بەوەکرد، لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەرکەوتووە کە هۆکاری تووشبوون بە سکچوون و رشانەوە، بۆ پیسبوونی ئاوی سنوورەکە دەگەڕێتەوە. 



PM:12:01:08/11/2024