سەبارەت بە نەخۆشی سکچون و ڕشانەوە کە ماوەی چەند رۆژە لە شارەزوور بڵاوبووەتەوە بەڕێوەبەڕی نەخۆشخانەی شەهید رەئووف بەگ دەڵێت " هۆکارەکەی تێکەڵبوونی ئاوی خواردنەوە و ئاوەڕۆیە ".
ئەمڕۆ هەینی، سارا عومەر بەڕێوەبەڕی نەخۆشخانەی شەهید رەئووف بەگ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" هۆکاری ئەو سکچوون رشانەوەی لە شارەزووردا بڵاوبووەتەوە تێکەڵبوونی ئاوی خواردنەوە و ئاوەڕۆیە ".
جەختی لەوەشکردوە داوا لە هاوڵاتیانی شارەزوور دەکرێت ئاوی ماڵەوە بۆ خواردنەوە و قاپشۆردن بەکار مەهێنن.
باسی لەوەش کرد، پێویستە هاوڵاتیان تەنها ئاوی بوتڵکراو واتە ئاوی کارگەکانی ئاو بەکاربهێنن بۆ خواردنەوە و تەنکی ئاوەکانیان بەتاڵ بکەنەوە و بیشۆن پاشان چاوەڕێ بکەن تا ئاوی تازە دێتەوە پاشان بەکاریبهێنن .
ماوەی سێ ڕۆژە نەخۆشی سکچوون و ڕشانەوە لە سنووری قەزای شارەزوور بڵاوبووەتەوە کە زۆرینەی تووشبووەکان ژن و منداڵان.
بەپێی ئامارەکان، تا ئێستا ٢ هەزار و ٥٠٠ کەس تووشی پەتاکە بوون و رەوانەی نەخۆشخانە کراون کە بەراورد بە ٤٨ کاتژمێری ڕابردوو ئامارەکە بۆ هەزار و ٣٠٠ کەسی دیکە بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا لە دوو رۆژی رابردوودا هەزار و ٢٠٠ کەس تووشی نەخۆشییەکە ببوون.