لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک تیروپشک بۆ ٣٠ هەزار پارچە زەوی دەکرێت

قۆناغی دووەمی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی دەستپێدەکات و لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک تیروپشک بۆ ٣٠ هەزار پارچە زەوی دیکە دەکرێت واتە هەر پارێزگایەک ١٠ هەزار کەس.

 بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی ئەمڕۆ هەینی ٨ی تشرینی دووەم  لە زاری سەربەست مەولود، بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە بڵاویکردەوە، پرۆسەی دابەشکردنی زەوییان خێرا کردووە، بەشێوەیەک ڕۆژانە لە ٨:٣٠ خولەکی بەیانییەوە تاوەکو کاتژمێر ٩ی شەو فایلەکان ڕێک دەخرێن و ئێستا وردبینی و پێداچوونەوە بە فۆرمی فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی شارەوانی، دارایی، ناوخۆ، پەروەردە، خوێندنی باڵا و چەند وەزارەتێکی دیکە دەکرێت.

ڕوونیشکردەوە کە قۆناغی دووەمی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لەم ڕۆژانە دەستپێدەکات، لەمەدوا هەرجارەو تیروپشک بۆ دەیان هەزار ناو دەکرێت و چیتر تیروپشک کردن بۆ هەزار و دوو هەزار و سێ هەزار ناو نامێنێت.

سەربەست مەولود ئەوەشی خستەڕوو کە لە ماوەی ١٠ ڕۆژی داهاتوودا بەلایەنی کەمەوە لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک تیروپشک بۆ ٣٠ هەزار ناو دەکرێت، واتە هەر پارێزگایەک ١٠ هەزار کەس.

لە ڕاگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سلێمانیدا هاتووە، سەرەتا بڕیار بوو زەوی بە نزیکەی ٢٠٠ هەزار فەرمانبەر و خانەنشین بدرێت، بەڵام نزیکەی ٤٠٠ هەزار کەس فۆرمیان پڕکردووەتەوە، لەو ژمارەیە نزیکەی ٣٥٠ هەزار کەس مەرج و ڕێنماییەکان دەیانگرێتەوە. 

سەربەست مەولود دڵنیایی دا لە سەنتەری پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک دەتوانرێت پارچە زەوی زیاتر ئامادە بکرێن، بۆیە هیچ فەرمانبەرێکی شایستە بێبەش نابێت.




PM:07:23:08/11/2024