بەڕیوەبەری بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێم: بۆ وەرزی زستان ٥٠٠ مێگەوات بەرهەمی كارەبا زیاد دەبێت

بەڕیوەبەری بەرهەمهێنانی کارەبا دەڵێت"بۆ وەرزی زستان  لە ڕێگەی وێستگەی خورمەڵە ٥٠٠ مێگەوات بەرهەمی كارەبا زیاد دەبێت"

ئەمڕۆ شەممە ٩ی تشرینی دووەم پێشڕەو نوری سەعید بەڕێوەبەری بەرھەمھێنانی کارەبا لە وەزارەتی کارەبای حکومەتی ھەرێم بە میدیای پارتی ڕاگەیاند"بەرھەمھێنانی کارەبا لەنێوان (٣ ھەزارو ٨٠٠) بۆ (٤ ھەزار) مێگەواتە".

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات "ئەو وێستگانەی کار دەکەن، خشتەی سیانەکردنی خۆیان خستوەتە ئێستا، بە حوکمی ئەوەی ئێستا خواست لەسەر کارەبا کەمە، لەسەر داوای وەزارەتی کارەبا سیانەی دەکەن بۆ ئەوەی ئامادەکاری بکەن بۆ پێدانی کارەبا لە وەرزی زستان".

پێشڕەو نوری سەعید ئەوەشی خستوەتە ڕو" زستان خواست لەسەر کارەبا زۆربێت سیانەکردن زەحمەت دەبێت، ئەم سیانەکردنە ھیچ کاریگەری لەسەر کاتژمێرەکانی کارەبا نابێت".

دەشڵێت"بۆ زیادکردنی بەرھەمی كارەبا، ئێستا وێستگەی خورمەڵە ٥٠٠ مێگەواتی لە قۆناغی کۆتایی دایە، ھەوڵ دەدرێت بۆ وەرزی زستانی ئەمساڵ بخرێتە ناو تۆڕی کارەباو بەرھەم زیاد بکرێت، کاریگەری دەبێت بۆ زیادبوونی بەرھەم و کاتژمێرەکانی کارەبا".

سەبارەت بە پڕۆژەکانی وەزارەتی کارەباش ڕایگەیاند" سێ پڕۆژەی دیکەمان ھەیە، ئەویش بەرھەمھێنانی کارەبایە لە خۆر کە بەرھەمیان دەگاتە 75 مێگەوات، گرێبەستیان بۆ کراوە لە ھەولێرو سلێمانی و دھۆک ئەنجام دەدرێن".

باسی لەوەش کرد" یاسای وەزارەتی کارەبا ڕێگەی بە خەڵک داوە خۆیان بۆ خۆیان کارەبا لە وزەی خۆر لەڕێگەی پرۆژەی بچوکەوە ئەنجام بدەن، ھەرکاتێک پێویستی بە کارەبا ھەبێت لێ وەردەگرن و ئەوەی زیاد دەخرێتە ناو تۆری کارەباو بۆیان حیساب دەکرێت و لەکارەبای نیشتمانی بۆی قەرەبوو دەکرێتەوە".

پێشڕەو نوری سەعید  تایبەت بە پلانەکانی داهاتووی وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاند"دەمانەوێت لە دوو ڕێگەوە بە پلان و بەرنامەو ئەنجامدانی پڕۆژە کارەبا لە ھەرێمی کوردستان بکرێتە ٢٤ کاتژمێریی، ئەویش بە زیادکردنی بەرھەم و کۆنترۆڵکردنی کارەباو دابەشکردنی کارەبا بەسەر خەڵکدا".




PM:07:45:09/11/2024