پێدانی کارەبای نیشتمانی زیاد دەکرێت

وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بۆ وەرزی زستان ٥٠٠ مێگاوات بەرهەمی كارەبا زیاد دەبێت، كە هی وێستگەی خورمەڵەیە و دەشڵێت: بەرھەمھێنانی کارەبا لەنێوان (٣ ھەزار و ٨٠٠) بۆ (٤ ھەزار) مێگاواتە.

پێشڕەو نوری سەعید، بەڕێوەبەری بەرھەمھێنانی کارەبا لە وەزارەتی کارەبای ھەرێم بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕایگەیاندووە" ئەو وێستگانەی کار دەکەن، خشتەی سیانەکردنی خۆیان خستوەتە ئێستا، بە حوکمی ئەوەی ئێستا خواست لەسەر کارەبا کەمە، لەسەر داوای وەزارەتی کارەبا سیانەی دەکەن بۆ ئەوەی ئامادەکاری بکەن بۆ پێدانی کارەبا لە وەرزی زستان".

ڕاشیگەیاندووە'' زستان خواست لەسەر کارەبا زۆربێت و سیانەکردن زەحمەت دەبێت، ئەم سیانەکردنە ھیچ کاریگەری لەسەر کاتژمێرەکانی کارەبا نابێت".

ئاماژەی بەوەشكردووە، بۆ زیادکردنی بەرھەمی كارەبا، ئێستا وێستگەی خورمەڵە ٥٠٠ مێگاواتی لە قۆناغی کۆتاییدایە، ھەوڵ دەدرێت بۆ وەرزی زستانی ئەمساڵ بخرێتە ناو تۆڕی کارەبا و بەرھەم زیاد بکرێت، کاریگەری دەبێت بۆ زیادبوونی بەرھەم و کاتژمێرەکانی کارەبا.

ڕوونیشی كردۆتەوە، سێ پڕۆژەی دیکەمان ھەیە، ئەویش بەرھەمھێنانی کارەبایە لە خۆر، کە بەرھەمیان دەگاتە ٧٥ مێگاوات، گرێبەستیان بۆ کراوە لە ھەولێر و سلێمانی و دھۆک ئەنجام دەدرێن.



AM:09:11:10/11/2024