وەزیری نوێی دەرەوەی ئیسرائیل خوازیاری پێوەندی لەگەڵ کوردەکانە و دەڵێت" گەلی کورد، نەتەوەیەکی گەورەن، یەکێک لە گەورەترین نەتەوەکانی بێ دەوڵەتن لە ڕۆژهەڵاتی ناوین".
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٠ی تشرینی دووەم گیدئون ساعر وەزیری نوێی دەرەوەی ئیسرائیل لە ڕێورەسمی دەستبەکاربوونی لە وتارێکدا خوازیاری بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەل کوردەکان بوو و ڕایگەیاند" کوردەکان نەتەوەیەکی گەورەن، یەکێک لە گەورەترین نەتەوەکانی بێ دەوڵەتن لە ڕۆژهەڵاتی ناوین".
وتیشی"ئێمە دەبێ دەستی دۆستی بۆ لای کوردەکانی ئێران و تورکیە ڕابکێشین و پێوەندیەکانمان بە هێز بکەین".
گیدئون ساعر کوردی وەک هاوپەیمانی سروشتی ئیسرائیل پێناسە کرد کە قوربانی سەرکوتی حکومەتی تورکیا و ئێرانن .
دەشڵێت "پێویستە دەستی دۆستایەتییان بۆ درێژ بکەینەوە و پەیوەندییەکانمان لەگەڵیان پتەوتر بکەین".
بە وتەی ساعر، گرنگە پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ کورد لە لایەنی "سیاسی و ئەمنی" پتەوتر بکرێت.
گیدئون ساعر ڕاشیگەیاند"حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق سنوورێکی دوور و درێژی لەگەڵ ناوچە کوردستانییەکانی دوو وڵاتی ئێران و تورکیە هەیە و بۆ ئیسرائیل گرنگییەکی زۆری هەیە".