میری ئێزیدیان ڕایدەگەیەنێت، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی هەرێم هاتۆتە شاری سلێمانی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەشێک لەلایەنەسیاسیەکان، دەشڵێت، لایەنەکان لە دەوری مێزێکی گفتوگۆ کۆببنەوە و گوتاری سیاسی هاوبەشیان هەبێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٠ی تشرینی دووەم میر حازم تەحسین میری ئیزەدییەکان لە وتووێژێکی تایبەتدا لە شاری سلێمانی پەنجەی خستە سەر چەند تەوەرێک تایبەت بە دۆخی ئێزیدیەکان، ئاماژەی بەوەدا دۆخی ئێزیدیەکان "خراپە" و داوای گەڕانەوەی ئێزیدیەکانی بۆ ناوچەکانی خۆیان و بە هانەوەچوونی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد.
میر حازم وتی" ئێستا دۆخی ئێمەی ئێزیدی بەڕاستی باش نییە، چونکە ئەوە دەساڵە خەڵکی ئێمە لەژێر چادر دەژین، کە بۆ هەر کەسێکمان قورسە تەنانەت هەفتەیەک لەدەرەوەی ماڵ و ژیانی خۆمان بین، ئێمە زۆر سوپاسی خەڵکی کوردستان وحکومەتی هەرێم دەکەین، کە لە کاتی کارەستە مزگەوتەکانیان بە ڕوودا کردینەوە سوپاسی ئەخلاق و ئەدەبی ئەوان دەکەین."
وتیشی" بەڵام داواکاری ئێمە لە حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیە کە دۆسیەی شەنگال چارەسەر بکەن، ئەو خەڵکە بگەڕێنەوە ماڵی خۆیان، بەڵام بە کەرامەتەوە بگەڕێنەوە بژێویان بۆ دابین بکرێت، گەڕانەوەیان لەبەرامبەر ٣ بۆ ٤ هەزار دۆلار چیە؟ ئەو پارەیەهیچیان بۆ ناکات، داوا دەکەین دەنگمان بگاتە کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی و خەلکی ئێزیدی بگێڕنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان."
میر حازم دەڵێت،" ڕۆژانە کۆمەلگەی نێودەوڵەتی دێنەلامان، ڕۆژ نییە سەردانیان نەبێت بۆلامان بە نوێنەری هەموو وڵاتەکان، بەڵام تەنها باسی دۆخەکە دەکەن ئێمەش وەک ئێزیدیان دەوڵەتێک نەماوە سەردانی نەکەین، هەڵوێستیان تەنها ئەوەنەیە کە دەڵێن ئێمە ئێزیدیەکان لەبیر ناکەین و جارێکی تر ڕێگە نادەین ڕووبەڕووی دۆخێکی تری خراپ ببنەوە."
وتیشی" گەرەنتی نییە ئێزیدیەکان تووشی دۆخێکی ناهەموار نەبنەوە، چونکە باوەڕی نەما لەناو ئێزیدیەکان، ئێستا ئەگەر دۆخی شەنگال زۆریش باش ببێت بەباوەڕی من لە سەدا ٥ (%5) ی ئێزیدیەکان ئامادەنین بگەڕێنەوە، چونکە بێ باوەڕ بوون کە جارێکی تر توشی کێشە نابن."
ئاماژەشی بەوەدا" ئێزیدیەکان وەک باوەڕ دابەش نەبوون، بەڵام لە لایەنی دارایی سیاسی و کۆمەڵایەتی پەرتەوازە بوون، چونکە زۆرینە ڕۆشتنە دەرەوەی وڵات."