شاندی باڵای ئەمنی عێراق لە تاران لەگەل وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبوونەوە

لە دیداری وەفدی ئەمنی عێراق لەگەل وەزیری دەرەوەی ئێران جەختکراوە لەسەر جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی ئەمنی نێوان دوو وڵات و هاوکاری بۆ پاراستی سنوورە هاوبەشەکانیان.

ئەمرۆ یەکشەممە ١٠ی تشرینی دووەم وەفدی باڵای ئەمنی عێراق بە سەرۆكایەتی قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق كە رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمیشی تێدایە لە تاران لەگەڵ عەباس عیراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران كۆبونەوە.

بەپێی راگەیەندراوێكی ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە كۆبونەوەكەدا دوایین پێشهاتەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها دۆسیەی ئاسایشی سنوریی نێوان عێراق و ئێران و "سەركەوتن"ی حكومەتی عێراق لە جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەمنی نێوان هەردولا تاوتوێ كراون و جەخت كراوەتەوە لەسەر بەردەوامی هاریكاریی نێوان هەردو وڵات بۆ هێنانەدی ئاسایشێكی گشتگیر و جێگیر لەسەر سنورەكانی نێوانیان.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، لە كۆبونەوەكەدا جەختكراوەتەوە لەسەر گرنگی هاریكاریی نێوان وڵاتانی ناوچەكە بۆ دوركەوتنەوە لە فراوانبونی روبەڕی شەڕ و هەروەها جەختیش لەسەر گرنگی بەهێزكردنی پەیوەندییە ستراتیژییەكانی نێوان هەردو وڵات كراوەتەوە لە تەواوی ئاستەكاندا.




PM:09:27:10/11/2024