" مەترسی لەسەر مووچەی مانگی ١١ و ١٢ مووچەخۆرانی هەرێم هەیە "

تا ئێستا مووچەی مانگی ١٠ ی ئەمساڵ دابەشنەکراوەو، سەرچاوەیەکیش لە بەغداوە ئاماژە بەوە دەکات کە مەترسی لەسەر فەوتانی مووچەی مانگی ١١ و ١٢ ی ٢٠٢٤ لە ئارادایە.

هەرچی لە بارەی مووچەی مانگی ١٠ ەوە بەپێی سەرچاوەکەی " سپی " بەرپرسانی وەزارەتی دارایی عێراق بە هەرێمیان راگەیاندووە " لەو پشکەی لە بودجەی عێراق دانراوە بۆ موووچەخۆرانی هەرێم بۆ ساڵی ٢٠٢٤ تەنها ٧٠٠ ملیار دیناری ماوە، لە کاتێکدا مووچەی تێکڕای مووچەخۆرانی هەرێم لە مانگێکدا ٩٥٠ ملیارە ". ( بەم پێییە هەرێم تەنها بۆ مانگی ١٠ بڕی ٢٥٠ ملیار دینار کورتهێنانی هەیە ".

هەرچی داهاتی مانگانەی ناوخۆیە کە نیوەی دەڕوات بۆ بەغدا، بە نزیکی ١٨٠ ملیار دینار لە بەردەستدایەو هێندەی ئەو بڕەش دەنێردرێت بۆ بەغدا. 

لە بارەی مووچەی مانگی ١١ و ١٢ مووچەخۆرانەوە، وەزارەتی دارایی عێراق بە ئاشکرا بە هەرێمی راگەیاندووە کە بڕی پشکی مووچەی هەرێم لە بودجەی ٢٠٢٤ کۆتایی هاتووە.

بەپێی زانیارییەکانی " سپی " تاکە چارەسەر دەبێت سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە پێی ئەو دەسەڵاتەی پێیدراوە بڕیار بدات لە پشکی بودجەی هەرێم لە بواری مووچەدا لە بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٥ بڕی پارەی دوو مانگ بگوازرێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٢٤ تا مووچەی ئەو دوو مانگەی مووچەخۆرانی هەرێمی پێبدرێت".  




PM:12:03:11/11/2024