مامۆستایانی گرێبەست: لەگەڵ لیژنەی دارایی قسەمان كردووە بۆ دامەزراندنی هەمیشەیی مامۆستایانی گرێبەست

نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەست ڕایدەگەیەنێت، لەگەڵ لیژنەی دارایی قسەمان كردووە بۆ بودجەی ٢٠٢٥ تاوەكو مامۆستایانی گرێبەست دابمەزرێن بەشێوەی هەمیشەیی.

عەلی ڕەئوف، نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەست ئەمڕۆ یەکشەممە ١١ی تشرینی یەکەم ڕایگەیاند" بەپێی زانیارییەکان، حکومەتی کار بەڕێکەری هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ١٠ی ٢٠٢٤ ناوی سەرجەم مامۆستایانی گرێبەست لەگەڵ لیستی مووچەی مووچەخۆران ناردووە بە هاوپێچی، كە دەبوایە ڕاژەی مامۆستایانی گرێبەست لە لیستی تایبەت بوایە، چونكە ئەمە یەکەم جارە ناوی مامۆستایانی گرێبەست دەنێرن بۆ حکومەتی فیدڕاڵی عیراق و وەزارەتی دارایی، كە دەبوو بۆ مانگەکانی تر تێکەڵ بکردبایە لەگەڵ لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و کێشەی نەبوو".

وتیشی"وەزارەتی دارایی عیراق بە شاندی هەرێمیان وتووە، یەکەم جارە ناوی مامۆستایانی گرێبەست بۆ وەزارەتی دارایی عیراق بنێرن، دەبوو ڕاژەیان بەجیا بوایە لەگەڵ لیستی مووچە تێکەڵ نەکرایە".

ئاماژەی بەوەشكرد، وەک نوێنەری دەستەی گشتی مامۆستایانی گرێبەست لەگەڵ دیوانی چاودێری عیراق لە پەیوەندیداین بۆ ئەوەی پەسەندی بکەن، کە مووچەی ئێمەش لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵی خەرج بکرێت ئەمەش دەبێتە دەرفەتێک بۆ ئەوەی کار لەسەر دامەزراندن و بوون بەهەمیشەیی مامۆستایانی گرێبەست بکەین.




PM:08:19:11/11/2024