ژن و مێردێكی پەنابەری سیاسی كورد لە توركیا دەستگیرکراون

ژن و مێردێكی پەنابەری سیاسی كوردی رۆژهەڵاتی كوردستان کە نزیكەی هەشت مانگە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی توركیاوە دەستگیرکراون و لە دۆخێكی خراپدان و مەترسی دیپۆرتكردنەوەیان بۆ ئێران لەسەرە.

ڕێكخراوی هەنگاو بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە" رەشاد محەمەدی چالاكوانی سیاسی خەڵكی كامیاران كە تەمەنی ٣٤ ساڵە لەگەڵ ئەژین حوسێنی هاوسەری خەڵكی سەوڵاوا كە تەمەنی ٣٠ ساڵە و لە کەمپی پەهلەوان کۆی شاری ئەدرێنای توركیا لە دۆخێكی سەختدا راگیراون". 

ئاماژەی بەوەشكردووە، پۆلیسی توركیا لە سەرەتای ئەمساڵدا و تەنیا چەند ڕۆژێك دوای گواستنەوەی ئەو دوو پەنابەرە كوردە بۆ كەمپی دیپۆرتكردنەوە، ناچاریانكردوون پەنجەمۆر و ئیمزاكانیان تۆمار بكەن و ئەگەری دیپۆرتكردنەوەیان بۆ ئێران هەیە.

بە وتەی ئەژین حوسێنی، ناوبراو لە مانگی رابردوودا تەنها جارێك هاوسەرەكەی كە بە تەنها لە ژوورێكدا ڕاگیراوە، چاوپێكەوتنی لەگەڵی بووە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو دوو هاوسەرە کوردە لە ساڵانی ڕابردوودا وەک چالاکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان ژیاون و بەهۆی گوشاری بەردەوامی ناوەندە ئەمنییەکانەوە ناچاربوون هەرێمی کوردستان جێبهێڵن.



AM:08:27:12/11/2024