کارەبای سلێمانی سەبارەت بە دیارنەمانی ٢ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار ڕوونکردنەوەیەکی بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە و دەڵێت" دۆسیەکە لە دادگایە".
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی، ئەمڕۆ سێشەممە ١٢ی تشرینی دووەم سەبارەت بە دۆسییەی دزینی ٢ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە" بابەتەكە هیچ پەیوەندی بە داهاتی كارەباوە نییە و هیچ بڕە پارەیەك لە داهاتی كارەبا نەدزراوە، تەنها كەیسێك لە بەڕێوەبەرایەتی ژمێریاری بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان هەیە و بە بڕیاری دادوەر چەند فەرمانبەرێك بانگكراون بۆ لێكۆڵینەوە و یەك فەرمانبەر راگیراوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، لیژنەیەكی لیكۆڵینەوە پێكهێنراوە و وردبینی لە دۆسێكاندا دەكەن، تائیستا لێكۆڵینەوە و رێكارە یاساییەكان بەردەوامە و، چاوپۆشیش لە هیچ فەرمانبەرێك ناكرێت لە كەیسەكە تێوەگلابێت.
کارەبای سلێمانی دەشڵێت" ئێستا ئەم كەیسە ئاڕاستەی دادگای لێكۆڵینەوە كراوە و دادگا ئەو بابەتە یەكلادەكاتەوە كە كێ تاوانبارە و كێش بێ تاوانە".