لەكۆبوونەوەیەكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك گۆڕینی لۆگۆی شارەكە دەخرێتە بەر باس و گۆڕینی بۆ لۆگۆیەكی نوێ بڕیاری لەسەر دەدرێت.
ئەمڕۆ ١٢ی تشرینی دووەم ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كۆدەبێتەوە، دەربارەی گۆڕینی لۆگۆ نوێیەكەی كەركوك و میوانداریی بەڕێوەبەرانی گشتیی تەندروستی و پەروەردە دەكات بۆ تاوتوێكردنی ئەو پرسانەی پەیوەندارن بەو دوو كەرتە، سێیەم خاڵی كارنامەكەش، دەنگدانە لەسەر لۆگۆی نوێی شارەكە.
ئەحمەد كەركوكی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك بە میدیای پارتی ڕاگەیاند: "لۆگۆ نوێیەكە چەند شوناسێكی پارێزگاكەی تێدایە و سەرجەم پێكهاتەكان لەبەرچاو گیراون”.
باسی لەوەشكرد: "١٢كڵێشە بۆ لۆگۆی كەركوك پێشكەش كراون و دەنگ لەسەر یەكێكیان دەدرێت وەك لۆگۆی نوێی شارەكە”.
یەكێك لە لۆگۆكان زۆرترین چانسی هەیە بۆ ئەوەی پەسەند بكرێت كە لەسەر نەخشەی شارەكە دروستكراوە و چوار شوناسی تێدایە، ئاگر وەك ئاماژە بۆ سامانی نەوت، قەڵای كەركوك، دوو گوڵە گەنم، كۆترێك كە گەڵایەك بە دەنوكییەوەیە وەك ئاماژە بۆ ئاشتی.