موچەی زیاتر لە پێنج هەزار كەس لە تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی بڕدرا

ڕاوێژكارێكی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند: موچەی ٥ هەزار و ٢٠٠ كەس لە تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی ڕاگیراوە كە دەستەبەری كۆمەڵایەتییان هەیە.

سەنا موسەوی، ڕاوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری چاودێریی كۆمەڵایەتی، ڕایگەیاند: موچەی ٥ هەزار و ٢٠٠ كەس لە تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی، ڕاگیراوە بەهۆی ئەوەی ناویان لە دەستەبەری كۆمەڵایەتیدا هەبوە و تۆماركراون.

وتیشی: لە هەردو كەرتی حكومی و تایبەت، دەستەبەری كۆمەڵایەتی هەیە و پێویستە هۆشیاری و ڕێنمایی زیاتر بە كرێكارانی كەرتی تایبەت بدرێت بۆ ئەوەی لە چوار چێوەی یاسای دەستەبەری كۆمەڵایەتی خۆیان تۆماربكەن.

باسیشی لە گرنگیی یاسای تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی كرد و وتی: تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی، موچەیەكی هەمیشەیی نییە، بەڵكو هاوكارییە، ئەگەر گەنجێك كاری بۆ بدۆزرێتەوە و ڕەتیبكاتەوە، موچەی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتییەكەی دەبڕدرێت.




PM:04:33:12/11/2024