ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند" هەمواری یاسای باری كەسێتی، هیچ ناكۆكییەكی لەسەر نییە،و هەوڵ دەدەن بەم نزیكانە لە پەرلەمان پەسەند بكرێت".
ڕائید مالیكی پەرلەمانتاری عێراق، بە میدیا عێراقییەكانی ڕاگەیاند" مەبەست لە درێژكردنەوەی ماوەی یاسادانان، پەسەندكردنی هەندێك پڕۆژە یاسا بوە، كە مشتومڕیان لەسەر هەبوە".
باسی لەوەش كرد" هەمواری یاسای باری كەسێتی هیچ ناكۆكییەكی لەسەر نییە و هەوڵیش دەدەن بەم نزیكانە پڕۆژە یاساكە تێپەڕێنن.
ئاشكراشی كرد، هێشتا مشتومڕ لەسەر یاسای لێبوردنی گشتی هەن بەڵام زۆر كەمن و دەتوانرێت لە پەراوێزی كۆبونەوەیەكدا سەرجەم ناكۆكییەكان چارەسەربكرێن".
ڕونیشی كردەوە" هەوڵ دەدەن پرۆژە یاساكانی مافی دەست ڕاگەیشتن بە زانیاری و ڕێكخستنی مافی خۆپیشاندانی ئاشتییانە بخەنە نێو كارنامەی پەرلەمانەوە بەمەبەستی كاركردن لەسەریان".
یاسای باری کەسێتی کارپێکراوی ئێستای عێراق لە ساڵی ١٩٥٩ دەرچووە و دەڵێت مەرجە ئەو کچ و کوڕەی کە هاوسەرگیری دەکەن تەمەنیان گەیشتبێتە ١٨ ساڵ یاخود ئەگەر ١٥ ساڵ بن ئەوکات پێویستییان بە مۆڵەتی دادوەردەبێت بە گوێرەی تەمەنی شەرعیی پێگەیشتن و توانای جەستەییان.
داواکاری بۆ هەمواری یاساکە لەلایەن پەرلەمانتارێکی شیعە مەزهەب بە ناوی ڕائد مالیکی پێشکەشی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کراوە و خویندنەوەی یەکەمی بۆکراوە و تێدا ڕێگا بە پیاوانی ئاینی شیعە و سوننە دەدات بڕیار لەسەر کاروباری هاوسەرگیری و جیابوونەوە و میرات بدەن و دەوترێت بزۆرینەی پەرلەمانتارانی شیعە پاڵپشتی دەکەن و مەبەستیانە تێبپەڕێندرێتلە پرۆژە یاساکەدا مادەکانی ٢ و ١٠ی یاسای کارپێکراوی باری کەسێتی هەمواردەکرێنەوە وبە پێی هەموارەکە مەزهەب لە گرێبەستە هاوسەرگیرییەکە دیاریدەکرێت و هاوسەران حوکمەکانی مەزهەبەێکی دیاریکراویان بەسەردا جێبەجێبکرێت و لە ئەگەری دروستبوونی ناکۆکی لەنێوانیان لەسەر جۆری مەزهەب، ئەوکات گرێبەستەکە بە پێی مەزهەبی پیاوەکە دەبێت.
هەروەها دیوانەکانی وەقفی سوننە و شیعە بەرپرسیار دەکات لە دابینکردنی پەڕاو و تۆماری حوکمە شەرعییەکان بۆ گرێبەستە هاوسەرگیرییەکان و دەستەڵاتی کۆتایی پەسەندکردنی هاوسەرگیرییەکانیان پێدەدات.