فەرمانی دەستگیرکردن بۆ خاوەنی مۆلیدەکانی چەمچەماڵ دەرکرا


خاوەن مولیدەکانی چەمچەماڵ بەهۆی داواکردنی زیادکردنی نرخی پێدانی کارەبا، مولیدەکانیان کوژاندەوە، بەبڕیاری دادگا فەرمانی دەستگیرکردن بۆ هەموو خاوەن مولیدەکان دەرچوو".

لە کاتێکدا ئەم ئێوارەیە لە کاتژمێر پێنج ی ئێوارەوە مولیدە ئەهلییەکانی شاری چەمچەماڵ کارەبایان نەدا بە هاوڵاتیان و شارەکە بێ کارەبا بوو، لەسەر داوای یاسایی قائیمقام چەمچەماڵ رەمەک رەمەزان و بە فەرمانی دادوەر فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ٣٩ خاوەن مولیدەی شارەکە دەرچوو.

رەمەک رەمەزان قائیمقامی چەمچەماڵ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند کە خاوەن مولیدەکانی شارەکە بڕیاری کارەبای گشتی سلێمانی و لیژنەی موولیدە ئەهلییەکانیان شکاندووە، کارەبایان نەداوە بە خەڵکی شارەکەو بڕیاری  تۆمارکردنی داوای یاسایش بڕیارێکی بە کۆمەڵ بووە".

قائیمقامی چەمچەماڵ ئاشکرای کرد کە هێزەکانی پۆلیس هەر لەمشەوەو دەستیان بە دەستگیرکردنی خاوەن مولیدەکەیان کردووە بەپێی بڕیاری دادگا.
لەبارەی کارەبای شارەکەوە لەمشەودا، رەمەک رەمەزان سوپاسی کارەبای گشتی سلێمانی کرد کە کارەبای گشتی بۆ ئەمشەوی شارەکە دابینکردووە. 
خاوەن موەلیدە ئەهلییەکانی چەمچەماڵ پێیان راگەیەنراوە کە هەمو رۆژێک لە کاتژمێر (٥)ـی ئێوارە تا کاتژمێر (١)ـی بەرەبەیان کار بە موەلیدەکان بکەن، بەڵام خاوەن موەلیدەکان رەتیدەکەنەوە پابەندی بڕیارەکە بن و دەڵێن: بەو شێوەیە گرفت بۆ موەلیدەکانیان دروست دەبێت و لەهەمانکاتیشدا نرخی گاز گرانە، ئەمشەو وەک ناڕەزایەتییەک خاوەن مولیدەکان کارەبایان بە شارەکە نەدا. 




PM:11:44:12/11/2024