ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ مەسرور بارزانی تاوتوێی ناکۆکی و پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدای کرد و جەختیان لەسەر پێویستی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان بە زووترین کات کردەوە، هەروەها سودانی باسی لە گرنگی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە مووچە و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و سەرژمێری گشتی کردووە.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیشتە شاری هەولێر و لەلایەن مەسرور بارزانی پێشوازی لێکرا.
دەستبەجێ لەگەڵ گەیشتنی، هەردوولا کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا، کە سەرۆک وەزیرانی عێراق بە پێشکەشکردنی پیرۆزبای لە مەسرور بارزانی دەستیپێکرد بەبۆنەی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئاماژەی بەوەکرد، سەقامگیری سیاسی هەرێم بەشێکی جەوهەرییە لە بناغەکانی سەقامگیری هەموو عێراق.
هەروەها سودانی جەختی لە گرنگی پێکهێنانی حکومەتی نوێ لە هەرێم کردەوە، بەشێوەیەک کە ئاستی هاوکاری ئێستای نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی بەرز بکاتەوە.
لای خۆشیەوە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق کەمێک پێش ئێستا لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە" هەردوولا تاوتوێی دۆسییە هاوبەشەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێم کردووە، دیارترینیان هەوڵدان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمەوە، هەروەها جەخت لەسەر گرنگی ڕێکخستنیان کراوەتەوە بەشێوەیەک کە ئاواتەکانی هاوڵاتییان لە سەرتاسەری وڵاتدا بەدیبهێنێت، جگە لە گرنگی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی حکومەت لە هەرێمدا".
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی نوسینگەی سودانی، ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری دانیشتوان تاوتوێ کراوە، هەروەها پێویستی هەموو هەوڵێک بۆ دڵنیابوون لە تەواوکردنی سەرکەوتووانە، بەتایبەتی دوای یەکلاکردنەوەی لایەنە تەکنیکییەکان لەگەڵ دەستەی ئامار لە هەرێمی کوردستان، چونکە گرنگی ئەم بابەتە نوێنەرایەتی دەکات لە پشتگیریکردنی هەنگاوەکانی گەشەپێدان و پلاندانان لە هەموو کەرتەکانی بەشداربوون لە پێشکەوتنی عێراق.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوە بە پێشهاتەکانی دۆخی ناوچەکە کرا، بەو پێیەی جەخت لەسەر پێویستی هەماهەنگی هەڵوێستەکان کرایەوە، بەشێوەیەک کە ئاسایش و سەروەری وڵات بپارێزێت.