وتەبێژی یەکێتی بابەتی سەرژمێری گشتی دانیشتوان کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو لە عێراق ئەنجام بدرێت، بە "پرسێکی گشتی نیشتمانی" وەسف دەکات و دەڵێت" پێویستە هاوڵاتییانی ناوچە کێشە لەسەرەکان بگەڕێنەوە ناوچە رەسەنەکانی خۆیان تا ههوڵی گۆڕینی دیمۆگرافی لهو ناوچانه رابگیرێت".
سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتی، ئەمڕۆ چوارشەممە لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کەلە هەولێر بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند" داوا لە هەموو لایەک دەکەم بچنە ئەو ناوچانەی لێیەوە هاتوون و بەشداری سەرژمێری بکەن بە ئامانجی پووچەڵکردنەوەی پلانی گۆڕینی نەخشەی دیمۆگرافی لە ناوچە جێناکۆکەکان".
وتەبێژەکەی یەکێتی جەختیشی لەوەکردەوە کە ئەم بابەتە پەیوەندی بە ئایندەی هەرێمەوە هەیە، هەروەها جەختی لەسەر پێویستی کردنەوەی دەستی حکومەتی هەرێم بۆ دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی ئەو کەسانە بۆ ناوچەکانیان کردەوە.
دەشڵێت" پرۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتوان بابەتێکی نەتەوەی و نیشتمانی و گشتگیرە، ئەوەی بە ئاگر و ئاسن نەتوانرا بکرێت، ئەمڕۆ بە پرۆسەیەکی دیموکراسی ئەنجام دەدرێت".
سەبارەت بە سەردانەی سودانی، پیرە دەڵێت" سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان دوای هەڵبژاردن سەردانێکی گرنگە، بەو پێیەی دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراقدا".
دوێنێ سێشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا ئەنجامی سەرژمێری دانیشتوانی ناوچە کێشە لەسەرەکان دوابخرێت تا ئەوکاتەی بەراورد دەکرێت لەگەڵ سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧.