کەمێک پێش ئێستا سەرۆکایەتی هەرێم ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و محەمەد شیاع سودانی بڵاوکردەوە و دەڵێت" هەردوولا جەخت لەسەر دورخستنەوەی عێراق لە دەرئەنجامەکانی ململانێی ناوچەکە دەکەنەوە".
دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆکایەتی هەرێم، لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە" بهيانى ئهمڕۆ نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد، لە کۆبوونەوەيهكدا ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینهی نوێی حکومەتی هەرێمى كوردستان، پەیوەندییەکانی هەولێر ـ بەغدا، هەروەها بارودۆخی وڵات و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە، تاوتوێکران".
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک وەزیرانی عێراق پیرۆزبایی لە هەرێمى كوردستان کرد بۆ سەرکەوتنى هەڵبژاردنی پەرلەمان و ستایشی بەشداری بەرفراوانی هاوڵاتییانی ههرێمى كوردستانی لە پرۆسەی هەڵبژاردندا كرد کە نیشانەی هۆشیاری سیاسي گەلی کوردستان و پابەندبوونيهتی بە پرۆسەی دیموکراسییەوه.
هەروەها هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگی بەهێزکردنی میکانیزمەکانی هەماهەنگی هاوبەش و پێویستی چارەسەرکردنی دۆسیە هاوبەشەکانى نێوان ههولێر و بهغدایان لە ڕێگەی دیالۆگی بیناتنەر و پابەندبوون بە دەستووری عێراقهوه، کردەوە و هاوڕا بوون لەسەر گرنگی بەردەوامبوونی گفتوگۆ بۆ بەهێزکردنی هاوکاری و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانى نێوانيان.
لاى خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی ستایشی پشتگیری سوودانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراقی کرد بۆ سهرخستنى هەڵبژاردن و جەختی لەسەر گرنگی بەهێزکردنی هاوکاری نێوان هەولێر و بەغدا لە قۆناغی داهاتوودا کردەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە تهوهرێكى ديكهى کۆبوونەوەکەدا پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەرییەکانی لەسەر عێراق تاوتوێ کران و هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستی دوورخستنەوەی وڵات لە لێكهوتهكانى ململانێی هەرێمی و کاری هاوبەش بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری کردەوە.