لایەنە سیاسیەكانی كەركوك لە لقی پارتی كۆدەبنەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ لایەنە کوردستانییەکان لە پارێزگای کەرکوک کۆبوونەوەیەکیان لە لقی پارتی ئەو شارە ئەنجامدا و لە دیدارەکەدا پرسی سەرژمێری دانیشتوانی کەرکوک تاوتوێکرا. 

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، ئەمڕۆ کۆبوونەوەی لایەنە کوردستانییەکان لە بارەگای لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکوک، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای سەرجەم لایەنە كوردستانیەكانی ئەو شارە بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە شاخەوان عەبدوڵڵا و هیوا ئەحمەد مستەفا بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکوک - گەرمیانی پارتی، ڕەوەند مەلا مەحمود بەپرسی مەڵبەندی یەكێتی لە كەركوك و فەهمی بورهان سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و ژمارەیەک لایەنی دیکەی حزبە كوردستانیەكان بەشداربوون. 

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا پرسی سەرژمێری دانیشتوانی ناوچە کێشە لەسەرەکان بە کەرکوک و ناوچەکانی دیکەوە تاوتوێکرا. 

ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی ١٠ی ئەم مانگە، فەهمی بورهان سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا داوای لە حکومەتی فیدراڵ کرد، ئەنجامدانی سەرژمێری دانیشتوان دوابخات بۆ وادەیەکی دیکە، بەهۆی چارەسەرنەکردنی پرسی کێشە لەسەرەکان ناوچەکانی نێوان هەولێر و بەغداد کە ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق دەیانگرێتەوە.

وتیشی" پێویستە هەموومان لە کوردستان هەموو هەوڵێک بدەین بۆ گەڕانەوەی ئەو کوردانەی کە دانیشتووی ڕەسەنی کەرکوکن، بۆ ئەوەی سەرژمێری دانیشتوان بە ئامادەبوونی ئەوان ئەنجام بدرێت".

فەهمی بورهان ڕاشیگەیاند" ئێمە دژی سەرژمێری دانیشتوان نین، و بەپێویستی دەزانین و پێمان وایە ئەو ئامانجە گەشەپێدانانە بەدەست دەهێنێت کە ئێمە بەدوایدا دەگەڕێین، بەتایبەتی لە چوار پارێزگاری هەرێمی کوردستان، بەڵام پرسی ناوچە ناکۆکەکان هێشتا چارەسەر نەکراون، ئێمە بە باشتر دەزانین ئەم سەرژمێرییە دوابخرێت بۆ بەروارێکی دیکە". 

هاوکات دوێنێ سێشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا ئەنجامی سەرژمێری دانیشتوانی ناوچە کێشە لەسەرەکان دوابخرێت تا ئەوکاتەی بەراورد دەکرێت لەگەڵ سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧. 



PM:01:19:13/11/2024