وەزیری بەرگریی تورکیا: بە هیچ شێوەیەك لە بنکەکانمان لە هەرێم و ڕۆژئاوای کوردستان ناکشێینەوە

وەزیری بەرگریی تورکیا ڕایگەیاند: بە هیچ شێوەیەك لە ناوچە بنکەکانی وڵاتەکەمان لە عێراق و هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان ناکشێنەوە، دەشڵێت" گفتوگۆ لەگەڵ پەکەکە ناکەن بۆ پرسی ئاشتی".

یەشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا لە چاوپێكەوتنێکیدا ئاماژەی بەوە کرد، لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە ستراتیژیان دژی پەکەکە گۆڕیوە بەو پێیەی لەو ساڵەوە تا ئێستا، هێزەکانیان لە شەڕکردن دژی پەکەکە نەکشاوەتەوە.

باسی لەوەش کرد" لەو ناوچانەی هەرێمی کوردستان ناکشێنەوە کە چونەتە ناوی و ئەو بنکە و بارەگایانەش چۆڵ ناکەن، کە دروستیان کردون".

یەشار گولەر وتی" بە هیچ جۆرێك لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە، گفتوگۆی ئاشتییانە ناکەن و وتیشی: پێویست پەکەکە چەك دابنێت و خۆیان ڕادەستی هێزە ئەمنییەکان بکەن".

لە بارەی ڕۆژئاوای کوردستانیشەوە جەختی کردەوە کە هێزەکانیان لەو ناوچانەی بنکە و بارەگاکەیان هەیە لە ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا، ناکشێنەوە.



AM:10:01:14/11/2024