ئەمڕۆ بە سەدان چالاکی کلتوریی و هونەریی لە پایتەختی ڕۆشنبیری یادی ٢٤٠ ساڵەی بنیاتنانی شاری سلێمانی بەرز ڕادەگیرێت.
شاری سلێمانی لە ساڵی ١٧٨٤ لەلایەن ئیبراھیم پاشای بابانەوە بونیاد نراوە، ئیبراھیم پاشا شارەکەی بە ناوی باوکییەوە سلێمان پاشا ناوناوە، ئەمڕۆ ٢٤٠ ساڵ بەسەر بونیادنانی تێدەپەڕێت.
سلێمانی جگە لەوەی پایتەختی میرنشینی بابان بوە، لە ھەمان کاتدا مەڵبەندێکی بازرگانی و ڕۆشنبیری ناوچەکەش بو، لە ساڵانی ١٩٢٢تا ١٩٢٤شاری سلێمانی پایتەختی دەوڵەتەکەی مەلیک مەحمود بوە.
شاری سلێمانی لە سەرەتای دروستبونییەوە مەڵبەندی سەرهەڵدانی دەیان شۆڕش و ڕاپەڕین بوە، هەرگیز خەڵکەکەی سەری بۆ دوژمنان و داگیرکەران دانەنواندوە، بەردەوام وەک نوکی ڕم چەقیوەتە دڵی دوژمنانی کورد، هەربۆیە لە هەمو سەردەم و قۆناغە جیاوازەکان حسابێکی تایبەتی بۆ کراوە.