"سەرژمێری پشکی هەرێم دیاری دەکات و نابێت بە سیاسی بکرێت"

وەزیری پلاندانانی هەرێم جەخت لەسەر بە سیاسی نەکردنی سەرژمێری دانیشتوان دەکاتەوە کە بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا لە عێراق ئەنجام بدرێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەم سەرژمێرییە پشکی هەرێم لە بەشە بودجەی گشتی دیاریدەکات. 

دارا ڕەشید وەزیری پلاندانانی هەرێم، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە ئەمڕۆ پێنج شەممە لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند" نابێت سەرژمێری دانیشتوان بە سیاسی بکرێت، هەروەها پێویستە مافی سەرجەم پێکهاتەکانی دیکەی عێراق بپارێزێت". 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار سەبارەت بە سەرژمێری بەپێی ئەوەی ئێمە داوامانکرد نەبوو.

وتیشی" لە کەمترین ماوە و بە کەمترین بودجە ئامادەکاری پێویستمان تەواو کرد بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری". 

هەروەها دارا ڕەشید ئاماژەی بەوەدا کە سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ دەبێتە بنەمای سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٤ و سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ مافی هەموو پێکهاتەکان دەپارێزێت.

داواشی له دانیشتووانی هەرێم کرد هاوکار بن بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری.

جەختیشیکردەوە، له دوای ٢١ی ئەم مانگه هیچ کەسێک ناتوانێت ناوی له سەرژمێرییەکەدا تۆمار بکات. 

دارا ڕەشید داوای لە دانیشتوانی ئەو ناوچانە کرد کە مادەی ١٤٠ی دەستوور (ناکۆکی لەسەرە) دەیانگرێتەوە بچنە ئەوێ و لە کاتی سەرژمێریدا ئامادەبن.

دەشڵێت" حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی دانیشتوانی ئەو ناوچانە لە کاتی سەرژمێریدا بۆیان دابینکردووە". 

لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە سەرژمێری دانیشتوان پشکی هەرێم لە بودجەدا دیاری دەکات، کە لە ١٧% بۆ نزیکەی ١٢% کەمکرایەوە، ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە چۆن ژمارەی دانیشتووانی ناوچەکە وەک ناوچەکانی دیکەی عێراق زیادیکردووە و دەبێتە هۆی زیادبوونی کورسییەکانی کوردیش لە پەرلەمانی عێراق.



PM:02:01:14/11/2024