"تاوانی نێودەوڵەتی‌ و سنوربەزێن لە هەرێم پەیدابوون"

بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ئیستغلالکردنی هاتنی کرێکارانی بیانی بۆ هەرێم لەلایەن هەندێک کۆمپانیا و سەرمایەدار و خێزانە دەوڵەمەندەکان بە جۆرێک لە بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە وەسف دەکات و دەڵێت" تاوانی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوی سنوربەزاندن پەیدابوون". 

هێمن میرانی 
بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، ئەمڕۆ پێنج شەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لە شاری دهۆک بەڕێوەچوو وتی" تاوانی سنوور بەزاندن هەیە کە تاوانی بازرگانیکردنە بە مرۆڤەوە، بەو پێیەی زۆر کەس هەن کە بە قاچاغ دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەبەنە وڵاتانی دیکە بە بیانووی باشترکردنی دۆخەکەیان". 

ئاماژەی بەوەشکرد، جۆری دووەمی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە بریتییە لە بازرگانیکردن بەو کرێکارە بیانیانەی کە دەهێنرێنە سەر کارەکانیان لە هەرێمی کوردستان و ناچار دەکرێن کاتژمێرێکی زۆر کاربکەن، و ژیانێکی شایستەیان بۆ گەرەنتی ناکرێت کاتێک نەخۆش دەکەون ناگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەر، و بێبەشدەکرێن لە مۆبایل و ئینتەرنێت.

میرانی لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی" ئەمە جۆرێکی تری بازرگانیکردنە بە مرۆڤەوە کە نامۆیە بە داب و نەریتی کۆمەڵگەی کوردییەوە، بەو پێیەی کرێکارانی بیانی لە مافەکانیان زەوت دەکرێن، مووچەکانیان لە کاتی خۆیدا پێ نادرێت، و ڕێگری لە پەیوەندیکردن بە کەسوکاریانەوە دەکرێت". 



PM:03:02:14/11/2024