سلێمانی،، ئەو کەسەی دوو خوشکی خۆی کوشت کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا (نوێکرایەوە)

نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج شەممە لە گەڕەکێکی شاری سلێمانی، برایەك لە شیرینی خەودا دوو خوشكی خۆی لە ڕێگەی چەکی جۆری کڵاشینکۆفەوە دەكوژێت، بەپێی زانیارییەکان کۆتایی بە ژیانی خۆشی هێناوە. 

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ماڵپەڕی (سپی) كەوتووە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ لە گەڕەکی بەکرەجۆی شاری سلێمانی تەرمی دوو خوشک بە ناوەکانی (س، د) و (ت، د) کە تەمەنیان (٢٢ - ١٩) ساڵ بووە، لە نێو ماڵەکەیان دۆزرانەوە. 

هەر بەپێی ئەو زانیارییانەی سەبارەت بە رووداوەکە دەست (سپی) کەوتوون، گومانلێکراو ناوی (م، د)ە و تەمەنی ٢٥ ساڵە و برای هەردوو خوشکەکە بووە و بە چەکی جۆری کڵاشینکۆف لە کاتی خەودا کۆتایی بە ژیانیان هێناوە. 

پاش ئەوەی هێزە ئەمنییەکانی سنوری پارێزگای سلێمانیهەوڵەکانیان بۆ دەستگیرکردنی گومانلێکراو دەستپێکرد، دەرکەوت کە دوای ڕووداوەکە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

بەپێی زانیارییەکان، خوشکە گەورەکەیان ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە و بچوکەکەشیان بڕیار بووە لە ڕۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوودا مارە بکرێت.

لە ئێستادا تەرمی هەردوو خوشکەکە لە پەیمانگەی پزیشکی دادی سلێمانین و توێکاری بۆ تەرمەکەیان دەکرێت و دواتر ڕادەستی کەسوکاریان دەکرێنەوە. 

هەروەها هێزە ئەمنییەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ رووداوەکە کردووەتەوە، بەڵام تائێستا سەبارەت بە هۆکاری سەرەکی رووداوەکە هیچ روونکردنەوەیەکی فەرمی بڵاونەکردووەتەوە.



PM:04:02:14/11/2024