کاتژمێرێک پێش ئێستا ماڵپەڕ و سۆسیاڵ میدیای (سپی) بڵاویانکردەوە کە هەواڵی فرۆشتنی گردی مامەیارە دوورە لە ڕاستییەوە، لەوبارەیەوە سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی بە ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی پشتڕاستی هەواڵەکەی (سپی) دەکاتەوە.
ئەمڕۆ پێنج شەممە هەندێ میدیا بڵاویانکردەوە گردی مامەیارەی شاری سلێمانی کە گۆڕی پیرەمێردی شاعیری گەورەی کوردی تێدایە و شوێنێکی مێژووی و ڕۆشنبیری و نەتەوەییە، دەکرێت بە پڕۆژەی نیشتەجێبوون و بازرگانی، بەڵام شارەوانی سلێمانی لە ڕوونکردنەوەیەکدا کە بۆ ماڵپەڕی (سپی) ناردووە، دەڵێت" لە کاتێکدا زۆرینەی هاوڵاتییانی شاری سلێمانی بۆ ساڵیادی (٢٤٠) ساڵەی مێژووی شارەکە خەریکی دەربڕینی خۆشیی، یادکردنەوە و بەرزڕاگرتنی ئەم بۆنە پڕشکۆیەن، جێگای نیگەرانییە هەندێک هەواڵی بێ بنەما و ناڕاست سەبارەت بە سمبولێکی شارە دێرین و خۆشەویستەکەمان سلێمانیی و (گردی مامەیارە) بڵاوکراوەتەوە".
دەشڵێت" بڵاوکردنەوەی ئەم دەنگۆیە لەم ڕۆژەدا هێمایەکە بۆ دەرخستنی ناخی ئەو ناحەزانەی چاویان هەڵنایە بە مێژووی دێرینی ئەم شارە و خەڵکەکەیی و سمبولەکانی".
دەقی ڕوونکردنەوەکەی شارەوانی سلێمانی بەمشێوەیە:
شارەوانیی سلێمانی: دەنگۆی بەکارهێنانی گردی مامەیارە بۆ پڕۆژە دوورە لەڕاستییەوە
لەکاتێکدا زۆرینەی هاوڵاتییانی شاری سلێمانی بۆ ساڵیادی (٢٤٠) ساڵەی مێژووی شارەکە خەریکی دەربڕینی خۆشیی، یادکردنەوە و بەرزڕاگرتنی ئەم بۆنە پڕشکۆیەن، جێگای نیگەرانییە هەندێک هەواڵی بێ بنەما و ناڕاست سەبارەت بە سمبولێکی شارە دێرین و خۆشەویستەکەمان سلێمانیی و (گردی مامەیارە) بڵاوکراوەتەوە.
بڵاوکردنەوەی ئەم دەنگۆیە لەم ڕۆژەدا هێمایەکە بۆ دەرخستنی ناخی ئەو ناحەزانەی چاویان هەڵنایە بە مێژووی دێرینی ئەم شارە و خەڵکەکەیی و سمبولەکانی.
لێرەوە بۆ هەموو لایەکی ڕادەگەیەنین، سەرلەبەری ئەو دەنگۆیانەی کە لە هەندێک پەیجی نافەڕمیی و سێبەر بڵاوکراوەتەوە ناڕاستن، وە ڕەتیدەکەینەوە کە گردی (مامەیارە) و غاباتەکەی بۆ مەبەستی پڕۆژەی بازرگانیی و تایبەت بەکاربهێندرێت، وە دڵنیایی دەدەین بە دانیشتووانی شارە خۆشەویستەکەمان بڵاوکردنەوەی ئەو دەنگۆیە لەم ڕۆژە و لەم بۆنەیەدا تەنها ئامانجی ناحەزانە بۆ تێکدانی مێژووی ئەو شارەی کە بووە بە پێشەنگی پارێزگاکانی دیکەی عێراق لەزۆرینەی بوار و سێکتەرەکاندا (سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی) بە خزمەت كردنی زیاتر ی ڕۆژ بەڕۆژ وەڵامی ئەو چەواشەكارییانە دەداتەوە
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی
١٤\١١\٢٠٢٤