"٢٤٠ وەبەرهێنەرت نییە کە خاوەنی ٢٤٠ پرۆژەی ستراتیجی بن"

بە بۆنەی ٢٤٠ ەمین ساڵیادی دامەزرانی سلێمانی ڕۆژنامەنووسێک ڕایدەگەیەنێت"خراپترین یادکردنەوەی شارەکان یادکردنەوەی کەلاوەیە، یادکردنەوەی بێمانایە بۆ گروپێک وەبەرهێنی دەستڕۆشتوو، بۆ وەبەرهێنانێکی بێمانا، وەک یادی ٢٤٠ ساڵەی سلێمانی و شارەکانی تر، کۆمیدیاکە ئەوەیە ٢٤٠ وەبەرهێنەرت هەڵتۆقاندبێ و ٢٤٠ پڕۆژەی دڵگیرو دانسقەو ستراتیژیت نەبێ، بەڵام وەبەرهێنت هەبێ ٢٤٠ کریدت بانکی نهێنی هەبێ لەم وڵات و ئەو وڵات لەسەر حسابی خەڵکی و موڵکی گشتی".

ئاسۆ عەبدولەتیف ڕۆژنامەنووس لە وتارێکدا وێرای ئاماژەدان بە ٢٤٠ ەمین ساڵیادی دامەزراندنی شاری سلێمانی دەڵێت" گەر یادی شارەکان بەرز ڕادەگرن و یادی جوانیەکانی دەکەنەوە، هەرچی زووترە چاکسازیی ڕیشەیی بکەن لە زیادەڕەوی و داگیرکاریی دۆنم و زەوی و سێکتەرە عەقاریەکان و موڵکایەتی گشتی و ئەوەندە وەبەرهێنی ساختەو پاتاڵ، وەبەرهێنی وەکیل، خۆیان نەکەن بەخاوەنی شار، باچیتر سپۆنسەری ڤیستیڤاڵی یادکردنەوەکان نەکەن بۆ خۆبەفریشتەکردن و شاردنەوەی فەزاحەتەکانیان".

لەبەشێکی دیکەی وتارەکەشیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات" گرنگە ئەگەر یادی شاردەکەنەوە، یاساو حورمەتی دەستە کارگێڕییەکان نەخرێنە خزمەتی کۆکردنەوەی سەروەت و سامان بۆ وەبەرهێنەرو ئەولادەکانیان، زەویە گرانبەهاکان نەکەن بەقوربانی بۆ چەند سیاسیەکی کۆن و بازرگان و وەبەرهێنێک کە هیچ سەنگ و قورساییەکیان نەماوە لەکۆمەڵگادا، یەک پرۆژەی جوانیان پێشکەشی ئەم وڵاتە نەکردوە، بەداخەوە بوونەتە سەفیری تاڵانیی و ملیاردێر بەسەر شانی حکومەت و بەردەوامیشن لەسەر ساختەکاریەکانیان".

ئاسۆ عەبدولەتیف دەشڵێت" لە کوێی یاساکانی وەبەرهێناندا، مافی خەڵک و بەرژەوەندیەکانیان پارێزراوە؟ سادەترین ماف، تاپۆکردنی یەکەکانیانە کەبەپارەی گیرفانی خۆیان کڕیویانەو وەبەرهێن بۆ ئەو بڕە ڕسوماتە عەقاریەی خۆی کەلەکاتی کڕین و فرۆشتندا وەک نوسینگانە دەستی دەکەوێ تاپۆی ناکات بۆیان، سەرباری ئەوە ئاوو کارەبای نیشتیمانیان نیە".

بۆ خوێندنەوەی دەقی وتارەکە کلیک لەسەر لینکی خوارەوە بکەن

https://speemedia.com/drejaWtar.aspx?NusarID=119&Jmare=12454




PM:08:18:14/11/2024