"مووچەی مانگی ١٠ دوای سەرژمێری دابەشدەکرێت"

سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی ئاشکرای دەکات کە تێبینییەکان لەسەر لیستی مووچە چاککراون و  تەنیا رەزامەندی و واژۆی وەزیری دارایی عێراقی ماوە، بەڵام دابەشکردنی مووچەی مانگی ١٠ دەکەوێتە پاش سەرژمێری.

سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە میدیای یەکێتی راگەیاند " دابەشکردنی مووچەی مانگی ١٠ دەکەوێتە پاش سەرژمێری". 

وتیشی "تێبینی جیاواز لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر لیستی مووچەی مانگی ١٠ی مووچەخۆران هەبووە و تێبینییەکان چاککراون و لیستەکەیان بۆ رەوانەکراوەتەوە".

بەوتەی سەرچاوەکەی ئەنجومەنی وەزیران "بەغدا وردبینی لیستی مووچەی مانگی ١٠ـی تەواوکردووە و تەنیا رەزامەندی و واژۆی وەزیری دارایی عێراقی ماوە".

ئاشکراشیکرد "چاوەڕوان دەکەین لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو مووچە بە دوو گوژمە رەوانە بکرێت و هەرکات تەمویلی مووچەخۆران کە بڕەکەی نزیکەی ٩٩٧ ملیار دینارە بگاتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.

ئەو سەرچاوەیەی ئەنجومەنی وەزیران وتی "دابەشکردنی مووچەی مانگی ١٠ دەکەوێتە پاش سەرژمێریی گشتی و بەدووری دەزانن لەسەرەتای هەفتە تەمویلەکە بگاتە هەرێمی کوردستان".




PM:12:31:15/11/2024