ڕاوێژكارێكی دادگای فیدڕاڵی: نەرمی نواندن سەبارەت بە نەوتی هەرێم دەستوری و یاسایی نییە

ڕاوێژكارێكی دادگای فیدڕاڵی ڕایگەیاند،  حكومەتی عێراق مافی ئەوەی هەیە دەستبەسەر بیرە نەوتییەكانی هەرێمدا بگرێت و بەپێی دەستور و یاسا و بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی پێویستە نەوتی هەرێم بۆ هاوڵاتیانی عێراق بێت.

حەمزە جەواهیری ڕاوێژكاری پێشووی  دادگای فیدڕاڵی عێراق و شارەزا لە بواری نەوت رایگەیاند،  بەپێی دەستور و یاسا و بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی پێویستە نەوتی هەرێم بۆ هاوڵاتیانی عێراق بێت.

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات"میكانیزمی راست و دروست و سەركەوتوو بۆ گێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە بەهیچ جۆرێك لە جۆرەكان ناكرێت دەستور و یاسا عێراقیەكان و بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی و بڕیاری دادگای پاریس پشتگوێ‌ بخرێت".

دەشڵێت"ڕادەستنەكردنی نەوتی هەرێم بە حكومەتی فیدڕاڵی پێشێلكردنی دەستور و یاساكان و بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی و دادگای فەڕەنسای نێودەوڵەتیه، ئەمەش بەواتای پێشێلكردنی مافەكانی هاوڵاتیانی عێراقە".

رونیشیكردەوە" رێكەوتن و نەرمی نواندن سەبارەت بە نەوتی هەرێمی كوردستان ، راست و دروست نیه و دەستوری و یاسای نین  و حكومەتی فیدڕاڵی دەسەڵاتی ئەوەی هەیە كە دەستبەسەر بیرە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستاندا بگرێت لەڕێگای بە نیشتیمانكردنیەوە".

ئەوەش لە کاتێکدایە حکومەتی عێراق ڕێکارە کردەوەییەکانی بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەستپێکردوە و لە دوایین سەردانی محەمەد شیاع سوودانی بۆ هەرێمی کوردستان ئەو پرسە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێم تاوتوێ کراوە.




PM:07:30:15/11/2024