نێچیرڤان بارزانی داواکارییەک ئاراستەی لایەنە سیاسییەکان دەکات

سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوا لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێم دەکات بەرژەوەندیی باڵای نیشتمان لە سەروو هەمووشتێکەوە دابنێن، گفتوگۆیەکی جیدی و بەرپرسیارانە و بۆ پێکهێنانی حکومەت دەستپێبکەن.

ئەمرۆ شەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە قەڵاچوالان بەشداریکرد لە خولی چوارەمی پێگەیاندنی ئەفسەران و رایگەیاند "مێژووی پێشمەرگە قۆناخێکی پڕ لە شانازییە، ئەمڕۆ رۆژێکی تایبەتە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق."

لەدوای دابەشکردنی خەڵات بەسەر خوێندکارە یەکەمەکانی خولەکە وتارێکی ئاراستە کرد. سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە وتارەکەیدا داوای لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد "بەرژەوەندیی باڵای نیشتمان لە سەروو هەمووشتێکەوە دابنێن، گفتوگۆیەکی جیدی و بەرپرسیارانە و بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی کارا و بنیادنەر، حکومەتێک وەڵامگۆی داخوازییەکانی خەڵک بێت، بتوانێت بەرەنگاری ئاڵنگارییەکانی ئێستا و داهاتوو ببێتەوە."

وتیشی "خوێنی پێشمەرگە لە هەموو شوێنێکی هەرێمی کوردستان تێکەڵ بوو. یەک کەس پرسیاری نەدەکرد کامە سەوزە و کامە زەردە. هەموویان لە پێناو خزمەتکردن بە وڵات و کوردستان دا خوێنیان بەخشی و فیداکارییان کرد و خەباتیان کرد."




PM:12:32:16/11/2024