ئەمڕۆ شەممە ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکان ٣٨ تانەی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ڕەتکردەوە.
جومانە غەلای وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئەمڕۆ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەكانی عێراق لە كۆی ٤١ تانە ٣٨ تانەی لەسەر دەرەنجامەكانی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان رەتكردەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، وەڵامی ئەو تانانەی كە ماونەتەوە لەم هەفتەیەدا یەكلادەكرێنەوە.
ڕۆژی ٣١ی مانگی ڕابردوو دەرگای تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرایەوە کە ٢٥ تانە لە سلێمانی، ١٢یان لە هەولێر، سێ لە دهۆک و یهك تانەش لە هەڵەبجە تۆمارکرا.