ئەمرۆ لە سنووری خورماتوو بۆمبێکی چێندراو بە هێزەکانی لیوای یەکی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە تەقییەوە، لە ئەنجامدا دوو فەرماندەی پێشمەرگە و پاسەوانێکیان گیانیان لەدەستدا.
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا لەمبارەوە رایگەیاند، "ئەمڕۆ ١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ کاتژمێر ٩:٠٠ لە سنووری خورماتوو، بۆمبێکی چێندراو بە کاروانی ئۆتۆمبیلەکانی فەرماندەی فەوجی سێی لیوای یەکی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق تەقیەوە، لەئەنجامدا عقید روکن سامان سابر سلێمان فەرماندەی فەوج و عەقید محەمەد رەزا کەریم، ئەفسەری ئەندازەی فیرقەی ٩ی سوپای عێراق و ن.چ شەریف ئەحمەد محەمەد ئەمین شەهید بون، هەروەها سێ سەربازیش برینداربوون".
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە "رووداوەکە، لە ئەنجامی کێوماڵکردنی ناوچەیەکی بەرفراوانی ئاسایشی هاوبەش بووە".