وەزارەتی دارایی هەرێم لەبارەی هەژماركردن و یەكسانكردنی بڕوانامە بۆ هەندێك لە فەرمانبەران، بڕیارێكی دەركردووە و جەخت دەكاتەوە، كە بۆیان هەژمار ناكرێت.
ئەمڕح یەکشەممە لە راگەیەنراوێکدا وەزرەتی دارایی هەرێم ئاشکرای کرد کە بەپێی گشتاندنی دارایی ژمارە ٧ی ساڵی ٢٠٢٤ی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان، كە لە ١٣ی ئەم مانگە دەرچووە، لەبارەی هەژماركردن و یەكسانكردنی بڕوانامە بۆ هەندێك لە فەرمانبەران، بڕیارێكی دەركردووە و جەخت دەكاتەوە، كە بۆیان هەژمار ناكرێت.
لە نووسراوەكەدا هاتووە" سەبارەت بە یەكسانكردن و هەژماركردنی ئەو بڕوانامانەی لە مۆڵەتی هاوەڵی هاوسەری (اجازە المصاحبە الزوجییە) بەدەست هاتوون، بە هەموو وەزارەتەكان رادەگەیەنین، كە هەر بڕوانامەیەك دوای دەرچوونی پەیڕەوی مۆڵەتی خوێندن ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٢١ی بەدەست هاتبێت، یەكسانكردن و هەژماركردنی بۆ ناكرێت".
مۆڵەتی هاوڕێیەتیی هاوسەر یان هاوەڵیی هاوسەر، تایبەتە بە خانمانی فەرمانبەر، بەڵام هاوسەری (پیاو)یش دەتوانێت سوودی لێ وەربگرێت، بەتایبەت لە كاتی خوێندن لەدەرەوەی وڵات، یان بۆ مۆڵەتی نەخۆشی و پێویستیی چارەسەرکردن لەدەرەوە.
لەو بارەوە سەرچاوەیەكی ئاگادار ڕایگەیاند" بەهۆی ئەوەی پەیڕەوی مۆڵەتی خوێندن دەركراوە، بۆیە ئەو جۆرە مۆڵەتانەی لەدوای ساڵی ٢٠٢١ بەدەست هاتوون، هەژمار ناكرێن، بەتایبەت ئەو مۆڵەتانەی خوێندن، كە لەدەرەوەی وڵات بەدەست هاتوون".