بارزانی شێوازی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم دەخاتەڕوو

سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" دەمانەوێت بەپێی مەرجەکانی هەڵبژاردن حکومەتی داهاتووی هەرێم پێکبهێنین". 

ئەمڕۆ یەکشەممە ١٧ی تشرینی دووەم مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لە سەڵاحەدین پێشوازی لە مارجن کوبیاک باڵیۆزی پۆڵەندا لە عێراق کرد و تێیدا بارزانی بە ئاماژەدان بە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان وتی" بەشداری گەلی کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو لە هەڵبژاردن و لە کەشێکی ئارامدا سەری هەموومانی بەرزکردەوە". 

وتیشی" هەروەکچۆن هەڵبژاردن سەرکەوتوانە بەڕێوەچوو، قۆناغی پێکهێنانی حکومەت و دانوساندنی لایەنەکان بە سەرکەوتووی دەگاتە ئەنجام و خوازیاری پێکهاتنی حکومەتێکی بنکە فراوانین ئەویش بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن". 

هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەردانی ئەم دواییەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان و هەوڵەکان بۆ پاراستنی سەقامگیری عێراق و دوورخستنەوەی عێراق لە مەترسییەکانی داهاتوو و هاوکێشەکانی ناوچەکە، گفتوگۆیان لەبارەیەوە کرا.



PM:02:01:17/11/2024