بافڵ تاڵەبانی دوای ڕووداوی تەقینەوەکەی خورماتوو پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" تۆڵەی ئەم شەهیدانە لە ئەستۆی ئێمەیە و ناهێڵین خوێنییان بە هەدەر بڕوات".
بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە لە پەیامێکدا رایگەیاندووە" شەهیدبوونی فەرماندە عەقید روکن سامان سابیر لە هێزەکانی پێشمەرگە و عەقید محەمەد رەزا و قارەمان شەریف، سەرباز لە هێزەکانی سوپای عیراق لە کاتی ئۆپراسیۆنێکی سەربازی هاوبەشدا بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری کوردستان کۆستێکی گەورەیە و لە دڵەوە نیگەرانیکردین".
دەشڵێت" بۆ ئەم خەمە گەورەیە پرسە و هاوخەمی قوڵی خۆمان ئاڕاستەی کەسوکار و بنەماڵە سەربەرزەکانیان، هاوڕێ و هاوسەنگەرانیان دەکەم و هاوبەشی ئەم ماتەمە گەورەیەم".
جەختیشیکردووەتەوە لەوەی" دڵنیاییان دەدەینێ تۆڵەی ئەم شەهیدانە لە ئەستۆی ئێمەیە و ناهێڵین خوێنی رژاوی رۆڵەکانمان بەهەدەر بڕوات، هەروەها هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازم و هیوادارم بە زووترین کات بە سەلامەتی بگەڕێنەوە ناو کەسوکارەکانیان".
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم بڵاویکردەوە" کاتژمێر ٩:٠٠ی بەیانی ئەمڕۆ لە سنووری خورماتوو، بۆمبێکی چێندراو بە کاروانی ئۆتۆمبیلەکانی فەرماندەی فەوجی سێی لیوای یەکی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق تەقیەوە، لە ئەنجامدا عقید روکن سامان سابر سلێمان فەرماندەی فەوج و عەقید محەمەد رەزا کەریم، ئەفسەری ئەندازەی فیرقەی ٩ی سوپای عێراق و ن.چ شەریف ئەحمەد محەمەد ئەمین شەهید بوون، هەروەها سێ سەربازیش برینداربوون".