مەسرور بارزانی ڕایدەگەیەنێت" ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم چەندین ملیار دۆلار زیانی لە بودجەی گشتی داوە". دەشڵێت" پێویستە لە زووترین کاتدا دەست بە هەناردەکردن بکرێتەوە".
ئەمڕۆ یەکشەممە، مەسرور بارزانی پێشوازی لە شاندێکی ئەنجومەنی بازرگانی ئەمریکا ـــ کوردستان ( USKBC) کرد کە لە نوێنەری ژمارەیەک لە کۆمپانیا ئەمریکییەکان پێکهاتبوو، دەیڤد تافوری سەرۆکی ئەنجومەنی بازرگانی ئەمریکا ـــ کوردستان ڕایگەیاند" هەرێمی کوردستان ڕۆڵ و پێگەیەکی گرنگی لە عێراق و ناوچەکەدا هەیە و ئامانج لە سەردانەکەیان دەربڕینی پشتیوانی و پەرەپێدانی پەیوەندی ئابووری و بازرگانی و وەبەرهێنانە لەگەڵ هەرێمی کوردستان".
لای خۆشیەوە مەسرور بارزانی باسی لە چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم کرد بە تایبەتی لە بوارەکانی بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و بەرەوپێشبردنی سیستەمی بانکی و پڕۆژەی (هەژماری من) و کارئاسانیکردن بۆ وەبەرهێنەران.
هەروەها لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، بارزانی باسی لە گرنگی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کرد و وتی" وەستانی زیانی چەندین ملیار دۆلاری لە بودجەی گشتی داوە و پێویستە لە زووترین کاتدا، پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوت دەستپێبکاتەوە".