سەرۆکی گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" لە ماوەی دوو ڕۆژی سەرژمێری دانیشتواندا ڕێکاری پێویست بۆ جێبەجێکردنی قەدەغەی هاتووچۆ لە ناوچەکانی هەرێم گیراوەتەبەر". دەشڵێت" قەدەغەی هاتووچۆ چەند توێژێک ناگرێتەوە و جوڵەی بازرگانیش ناوەستێت".
هێمن میرانی سەرۆكی گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکمان ئەنجامدا لەسەر ڕێکارەکانی سەرخستنی پرۆسەی سەرژمێری دانیشتوان لە عێراق، ئەو ڕێکارانەی کە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵی ڕاگەیەندراون لە کۆبوونەوەکەدا جەختیان لەسەر کراوەتەوە، هەروەها سەپاندنیش لەبارەی قەدەغەی هاتووچۆوە باسکرا".
میرانی وتیشی" پێویستە هاوڵاتییان لە ڕۆژانی سەرژمێریدا لە ماڵەکانیاندا ئامادەبن و خەڵکی ناوچە کێشە لەسەرەکان لە ناوچەکانی ڕەچەڵکدا ئامادەبن".
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی" دەسەڵات دراوە بە ئیدارە سەربەخۆکان بۆ جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی قەدەغەی هاتووچۆ، بەو پێیەی ڕۆژنامەنووسانیان بەدەر کردووە و دەتوانن جوڵە و ڕووماڵی سەرژمێری بکەن، هەروەها نانەواخانە و فڕۆکەخانە و دامەزراوە تەندروستییەکان و دەروازە سنوورییەکان و دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە دەبن و جوڵەی بازرگانیش ناوەستێت".
هێمن میرانی ئاماژەی بەوەشکرد، قەدەغەی هاتوچۆ تەنها عێراقییەکان دەگرێتەوە و بیانییەکان ناگرێتەوە.