ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٧ی تشرینی دووەم ، لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتیی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و ئامادەبوونی پارێزگارەکان، بەڕێوەبەرانی پۆلیس، ئاسایش و هاتووچۆ و نوێنەری وەزارەتی پلاندانان، کۆبوونەوەیەک لەبارەی سەرژمێری کرا.
کۆبوونەوە ئەم بڕیارانەی خوارەوەی دا:
یەکەم: پاڵپشت بە نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیران/ سەرۆکایەتیی دیوان ژمارە 15988 لە 14-11-2024، فەرمانبەران و کارمەند و ئەفسەران، ئەوانەی خەڵکی رەسەنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن، پێویستە لە رۆژانی 17، 18 و 19ـی تشرینی دووەم لەو شوێنانە بن بۆ ئەوەی لەلایەن بژمێرەکانی سەرژمێری زانیارییە سەرەتاییەکان تۆمار بکەن. دواتر پێویستە رۆژانی 20 و 21ـی تشرینی دووەم، وەکو ئەوەی لە رێنماییەکانی وەزارەتی پلانداناندا هاتووە، لەو شوێنانە بمێنن بۆ ئەوەی بژمێرەکان پشتڕاستی زانیارییەکان بکەنەوە و دڵنیابن لەوەی هیچ خانەوادەیەک یان ئەندامی خانەوادەیەک لەبیر نەکراوە. پێویستە هاونیشتمانیان بەڵگەنامە فەرمییەکانی وەکو کارتی نیشتمانی، یان ناسنامەی باری شارستانی و رەگەزنامە، لەگەڵ کۆبۆنی خۆراک لەگەڵ خۆیان ببەن و لەو ناوچانە خۆیان ناونووس بکەن. ئەوانەی گوند و لادێکانیان خاپوو کراوە و شوێنی مانەوەیان نییە، دەتوانن لە شوێنی دانیشتنی ئێستایان لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان خۆیان ناونووس بکەن، بەڵام ئاماژە بە زێدی رەسەنی خۆیان بکەن و هۆکاری راگواستن و دەرکردنیان تۆمار بکەن.
دووەم: دەربارەی دانیشتووانی خۆجێی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان، پێویستە هاونیشتمانییان بەڵگەنامە فەرمییەکانی خۆیان وەکو کارتی نیشتمانی، یان ناسنامەی باری شارستانی و رەگەزنامە، لەگەڵ کۆبۆنی خۆراک ئامادە بکەن بۆ ئەوەی بژمێر تەواوی زانیاریی خێزانەکەیان بە راستی و دروستی تۆمار بکات.
سێیەم: هەر هاووڵاتییەک بە هەر هۆکارێک لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان نییە، پێویستە خانەوادەکەی بەڵگەنامە پێویستەکانی وەکو کارتی نیشتیمانی، یان ناسنامەی باری شارستانی و رەگەزنامە، لە لای خۆیان ئامادە بکەن و پێشکێشی بژمێری بکەن بۆ تۆمارکردن.
چوارەم: بەمەبەستی جێبەجێکردنی پرۆسەی سەرژمێری، کاتژمێر 12:00ـی شەوی 19 لەسەر 20 تاوەکو کاتژمێر 12:00ـی شەوی 21 لەسەر 22ـی تشرینی دووەمی 2024، لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە قەدەخەی هاتوچۆیە. هاووڵاتییان پێویستە لە ماڵەکانیان بمێننەوە و چاوەڕێی بژمێرەکان بکەن تاوەکو سەردانیان بکەن و زانیارییەکانیان بە دروستی تۆمار بکەن. هاتنەدەرەوە و هاتووچۆی ناوشارەکان و نێوان شارەکان سنووردار دەبێت و تەنها تیمەکانی پۆلیس، ئاسایش، هاتووچۆ، بەرگریی شارستانی، تیمەکانی تەندروستی، کارمەندانی تەکنیکیی کۆمپانیاکانی بواری گەیاندن، کارمەندانی ئێشکگری کۆمپانیای بواری نەوت و وزە، دەرمانخانەکانی ئێشکگر، رۆژنامەنووسان، نانەواخانە و سوپەرمارکێتەکان بۆ خۆراکی سەرەکی، بە سنوورداری کراوە دەبن. هەر دامودەزگایەکی دیکەی کەرتی گشتی و تایبەت کە سرووشتی کارەکانیان پێویست دەکات، بە سنوورداری رێگای هاتوچۆیان پێ دەدرێت. نوێنەران و کارمەندانی نێردە دیبلۆماسییەکان و دامەزراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کەسانی بیانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان لە قەدەخەی هاتووچۆ ریزپەڕ دەکرێن.
پێنجەم: فڕۆکەخانە و دەروازە نێودەوڵەتییەکان بۆ گەشتیاری و هاتن و جووڵەی بازرگانی کراوە دەبن.
شەشەم: دەسەڵات دەدرێتە پارێزگار و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆکان بەمەبەستی دۆزینەوەی میکانیزمی گونجاو بۆ جێبەجێکردنی قەدەخەی هاتوچۆ و هاوکاریکردنی تیمەکانی سەرژمێری بۆ ئەوەی کارەکانیان بە دروستی ئەنجام بدەن.