وەزیری دارایی عێراق لە دەرەوەی وڵاتەو، مووچەی مانگی ١٠ مووچەخۆرانی کوردستان دوا دەکەوێت، مەترسیش لەسەر دواکەوتنی، یان پێنەدانی مووچەی مانگی ١١ و ١٢ ی ٢٠٢٤ لە ئارادایە لەبەرئەوەی ئەو پشکەی دانراوە بۆ مووچەی هەرێم لە بودجەی عێراق کۆتایی هاتووە.
ئەمە دەقی ئەو زانیاریانەیە کە ئەمڕۆ دوو شەممە کەناڵی کەی ئێن ئێن بڵاویکردەوە کە وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمیش سەر بەو کەناڵەیە.
بەپێی ئەو هەواڵە، سەرەڕای ئەوەی نزیكەی سێ هەفتەیە، لیستی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانەی بەغدا كراوە، تا ئێستاش وادەی هاتنی موچەی مانگی ١٠ دیار نییە. بەپێی زانیارییەكان، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق، گەشتی دەرەوەی وڵاتی كردوە و تا رۆژی پێنجشەممەی داهاتو ناگەڕێتەوە"،
هاتووشە " خەرجكردنی موچەی مانگی ١٠ی فەرمانبەرانی هەرێم، دوادەكەوێت بۆ دوای بەڕێوەچونی پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان".
هەر بەپێی زانیارییەكانی ئەو میدیایە، لە ناوەڕاستی مانگی کانونی یەکەم ژمێرەی كۆتایی بودجە دادەخرێت تا ناوەڕاستی مانگی یەكی ساڵی داهاتو، هەربۆیە ناردنی موچەی مانگەكانی ١١ و ١٢ی فەرمانبەرانی هەرێم كێشەی بۆ دروست دەبێت.
هاتووشە "كێشەیەكی تری بەردەم ناردنی موچەی مانگەكانی ١١ و ١٢ی فەرمانبەرانی هەرێم، ئەوەیە کە پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی عێراق تەواو بوە كە ١١ ترلیۆن و نیو بووە، بۆیە بۆ موچەی ئەو دو ومانگە، پێویستی بە گواستنەوەی پارەیە لە بودجەی وەبەرهێنانەوە بۆ بودجەی بەکاربردن و ئەوەش پێویستی بە ڕەزامەندیی حكومەت و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق".