ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات کە هەواڵی راگرتن و نەناردنی مووچە دوورە لە راستییەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" هەواڵی راگرتن و نەناردنی مووچە دوورە لە راستییەوە چونكە بڕیاری دادگای فیدراڵی هەیە كە دەبێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم هاوشێوەی پارێزگاكانی عێراق دابەش بكرێت."
هاوکات ئاماژەی بەوەشدا، کێشەکە ناردنی بایۆمەتری فەرمانبەران و رێکخستنی لیستی مووچەیە هەرکات ئەو گرفتە چارەسەر بکرێت ناردنی مووچە دواناکەوێت و لەکاتی خۆیدا دابەش دەکرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ماوەی نزیكەی مانگێكە لیستی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان رەوانەی بەغدا كراوە، بەڵام پێدەچێت ناردنی موچە بۆ دوای سەرژمێری گشتیی دوابخرێت و هەر ئەمڕۆ میدیاکانی یەکێتی لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادار بڵاویانکردبووە" لەئێستادا تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق، سەردانی دەرەوەی وڵاتی كردوە و تا كۆتایی هەفتە ناگەڕێتەوە، بۆیە پێدەچێت خەرجكردنی موچەی مانگی ١٠ی فەرمانبەرانی هەرێم، دوابكەوێت بۆ پاش كۆتایی پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی".