بە پێی پێشبینی وەزیری بە وەكالەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم سەرەتای ساڵی داهاتوو نەوتی هەرێم هەناردە دەكرێتەوە.
ئەمڕۆ ١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ د. كەمال محەمەد، وەزیری بە وەكالەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم بە میدیای پارتی ڕاگەیاند" بەهۆی ڕاگیرانی هەناردەی نەوتی كوردستان بۆ بەندەری جەیهانی توركیا، مانگانە زیاتر لە یەك ملیار دۆلار و تا ئێستەش نزیكەی ٢٠ ملیار دۆلار زیانی دارایی بە گەنجینەی عێراق گەیشتووە".
د. كەمال محەمەد ئاماژەی بەوەش كر، لە ماوەی ڕابردوودا وەك حكومەتی هەرێم چەندان ڕێككەوتنمان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی ئیمزا كرد بۆ هەناردەكردنەوەی نەوت، بەڵام خاڵێكی ناو یاسای بودجەی گشتیی عێراق كە تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێك نەوتی بە شەش دۆلار لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان دیاری كردووە، ڕێگر بووە لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكان و هەناردەكردنەوەی نەوت.
بە وتەی ناوبراو هەولێر و بەغدا لەسەر هەمواركردنەوەی ئەو خاڵەی ناو یاسای بودجە و زیادكردنی تێچووی تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت بۆ نزیكەی ٢٠.٦ دۆلار ڕێككەوتوون و لە قۆناغی یەكەمدا نزیكەی ١٦ دۆلار بۆ كۆمپانیاكان خەرج دەكرێت.
لەبارەی وردەكاریی قۆناغی دووەمیش، وتی" لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی ڕێككەوتووین، دوای هەمواركردنەوەی ئەو خاڵەی یاسای بودجە، كۆمپانیایەكی ڕاوێژكاریی نێودەوڵەتیی بێلایەن، وردبینی لە دیاریكردنی تێچووی دەرهێنان و هەناردەی نەوت بكات و ماوەی ٦٠ ڕۆژ مۆڵەت بە كۆمپانیاكە دەدرێت ئەو بڕە ڕاستەقینە دیاری بكات".
بە پێی پێشبینی د. كەمال محەمەد تا كۆتایی ئەمساڵ هەمواری یاساكە پەسەند بكرێت، ئامادەكارییەكان تەواو ببن و سەرەتای ساڵی داهاتوو ٢٠٢٥ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەست پێ بكاتەوە.