پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەت لەگەڵ لایەنەكانی دیكەدا كۆدەبێتەوە

بڕیارە هەفتەی داهاتوو پارتی دیموكراتی كوردستان گفتوگۆكانی لەگەڵ یەكێتی و لایەنەكانی دیكە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان دەست پێبكات.

سەرچاوەیەكی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی بەمیدیا حیزبەكەی وتووە  "هەفتەی داهاتوو شاندی دانوستانكاری پارتی بۆ پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، گەڕێكی نوێی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان دەست پێ دەكات”.

وتیشی "پارتی لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەردانی چەند لایەنی سیاسیی كردووە، لەم گەڕەشدا سەردانی لایەنە سیاسییەكانی دیكە دەكات و دەیەوێت حكومەتێك پێك بهێنرێت كە زۆرترین لایەن تێیدا بەشدار بن”.

بە وتەی سەرچاوەكە "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش لەنێو كارنامەی سەردانەكەماندایە و هەڵبەتە لەگەڵ ئەوانیش گفتوگۆمان دەبێت، بەڵام جارێ دیار نییە كۆبوونەوەكەمان هەفتەی داهاتوو دەبێت یان ڕۆژێكی دیكە”.

لە هەڵبژاردنی ٢٠ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، پارتی زۆرترین كورسی (٣٩) و یەكێتی دووەم (٢٣) و نەوەی نوێ‌ سێیەم (١٥) كورسییان بەدەستهێناوە.




PM:04:43:19/11/2024